بەدواداچوون - INA
ملیاردێری فەرەنسی "پیێر ئێدوار ستیرین" دوای ئەوەی داوای کرد یاساکانی میرات لە فەرەنسا هەموار بکرێنەوە بۆ ئەوەی بتوانێت زۆربەی سامانەکەی ببەخشێت بە کاری خێرخوازی لەبری ئەوەی بۆ منداڵەکانی بەجێ بهێڵێت، مشتومڕێکی زۆری دروست کرد.
ستیرین، کە تەمەنی 52 ساڵە، لە وتارێکدا لەبەردەم ئەنجوومەنی پیرانی فەرەنسا رایگەیاند کە دەیەوێت سەرجەم سامانەکەی بۆ کاری خێرخوازی تەرخان بکات، بەڵام یاساکانی ئێستای فەرەنسا ناچاری دەکەن بەشێکی زۆری سامانەکەی بۆ پێنج منداڵەکەی بەجێ بهێڵێت.
ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە یاساکانی ئێستا دەستەبەری ئەوە دەکەن کە لانیکەم 75%ی سامانەکە بۆ منداڵان بێت ئەگەر ژمارەیان سێ یان زیاتر بێت، بە بڕوای ئەویش ئەمە سنووردارکردنی ئازادیی تاکە لە دەستکاریکردنی سامانی خۆیدا.
ئەم سەرمایەدارە کە سامانەکەی لە ڕێگەی کۆمپانیای "Smartbox"ەوە دروست کردووە و بڕەکەی بە نزیکەی 1.4 ملیار یۆرۆ دەخەمڵێنرێت، پشتیوانی لەوە دەکات کە ئازادی تەواو بە تاکەکان بدرێت بۆ دیاریکردنی چارەنووسی سامانەکەیان دوای مردن، لە نێویاندا بەخشینی بە کاری خێرخوازی.
شایەنی باسە یاساکانی فەرەنسا منداڵان وەک "میراتگری ناچاری" پۆلێن دەکات، ئەمەش توانا و دەسەڵاتی خاوەن سامانەکان سنووردار دەکات لە دابەشکردنی موڵک و سامانەکەیان بەپێی ئارەزووی خۆیان.