بەغداد- INA
دەستەی دەسپاکی فیدراڵی، ئەمڕۆ هەینی ڕایگەیاند: بەرپرسێکی وەزارەتی بازرگانییان بەهۆی ئەنجامدانی تاوانی بەرتیل وەرگرتن دەستگیر کردووە.
دەستەی دەسپاکی لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: "تیمێکی کار لە نووسینگەی لێکۆڵینەوەی نەجەف پێکهێنرا و چوونە لقی کۆمپانیای گشتیی بەرهەمهێنانی دانەوێڵە لە پارێزگاکە، لەوێ و دوای بەدواداچوون، توانییان بەرپرسێک لە لقی کۆمپانیاکە دەستگیر بکەن کە بڕێک پارەی 'بەرتیل'ی پێبووە، پارەکەشی دوای کێشمەکێش و مامەڵە لەگەڵ یەکێک لە سەردانیکەران دەستکەوتبوو لە بەرامبەر ڕاییکردنی مامەڵەکەیدا."
ڕوونیشیکردەوە: "تۆمەتبارەکە مامەڵەی لەگەڵ هاووڵاتییەک کردووە و داوای بەرتیلی لێکردووە لە بەرامبەر پێدانی مۆڵەتی تایبەت بە وەرگرتنی پشکی سووتەمەنی دیاریکراو بۆ فڕنەکەی ئەو هاووڵاتییە،" ئاماژەی بەوەشدا: "کۆمپانیای گشتیی بەرهەمهێنانی دانەوێڵە لایەنی بەرپرسە لە ڕاییکردن و ناردنی داواکاری خاوەن نانەواخانە و فڕنەکان سەبارەت بە دابینکردنی پشکی سووتەمەنی بۆیان."
لە کۆتاییدا هاتووە: "تیمەکە کۆنووسێکی یاسایییان ئامادە کرد و لەگەڵ تۆمەتبارەکەدا خستیانە بەردەم دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی نەجەف کە تایبەتە بە کێشەکانی دەسپاکی، ئەویش بڕیاری دەستبەسەرکردنی دا پاڵپشت بە حوكمەكانی ماددەی (307) لە یاسای سزاکان."