بەغدا - INA - نەسار ئەلحاج

ئەمڕۆ دووشەممە، بەرپرسان و شارەزایان، جەختیان کردەوە کە پڕۆژەی سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا بە هەنگاوی خێرا بەڕێوەدەچێت، لە هەمان کاتدا ئاماژەیان بە گرنگیی پاڵپشتیی کۆمەڵگە و ڕاگەیاندن بۆ هەوڵەکانی حکومەت لەم بڕیارەدا کرد، و جەختیان کردەوە کە یەکخستنی بڕیاری ئاسایش بەشدارە لە بەهێزکردنی هەژموونی دەوڵەت و ڕاکێشانی وەبەرهێنان.

یارمەتیدەری بریکاری وەزارەتی ناوخۆ بۆ کاروباری پۆلیس بۆ ڕێکخستنی چەک، سکرتێری کۆمیتەی سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، لیوا مەنسوور عەلی سەڵتان، بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) وتی: "پرۆسەی تۆمارکردنی چەک بۆ هاووڵاتییان بە هەنگاوی خێرا و بە زیادبوونی ژمارەیی لە ڕێگەی زیادبوونی تۆمارکراوانەوە بەڕێوەدەچێت، بە جۆرێک ژمارەی تۆمارکراوان تاوەکو ئێستا گەیشتووەتە نزیکەی نیو ملیۆن عێراقی، و هەفتانەش لە نێوان 7 بۆ 8 هەزار هاووڵاتی تۆمار دەکرێن".

ئاماژەی بەوەشکرد کە "پێکدادانە چەکدارییەکانیش بە بەردەوامی لە کەمبوونەوەدان لەگەڵ سنووردارکردن و دەستبەسەرداگرتنی سەرپێچییەکان لەسەر هەر هۆکارێک کە ببنە هۆی ڕوودانیان"، و ڕوونی کردەوە کە "کۆمیتەی نیشتمانیی بەردەوام، لەگەڵ ڕێکارە خۆپارێزییەکاندا، کار دەکات لەسەر دەرکردنی ڕێنماییەکانی پەیوەندیدار بە مەرجەکانی چەکی بڕڕا (کەرەستەی تیژ)، دوکانەکانی فروشتنی چەکی ئاگرین، و مەرجەکانی دوکانەکانی کەلوپەلی سەربازی و یارییە ئاگراوییەکان، بە ئامانجی یاساییکردنی سەرجەم ڕێکارە پەیوەندیدارەکان".

لە لایەنی خۆیەوە، ئەندامی کۆمیتەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمان، ئەحمەد دلفی، بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) وتی: "کۆمیتەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمان بە هەماهەنگیی بەردەوام لەگەڵ حکومەت، دەزگا ئاسایشییەکان، سەرکردە عەشایەرییەکان و چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان کار دەکات بۆ چەسپاندنی کلتووری ڕێزگرتن لە یاسا و بەهێزکردنی هۆشیاری بەوەی سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا پایەیەکی سەرەکییە بۆ پاراستنی هاووڵاتییان و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری".

ئەوەشی خستەڕوو کە "سەرکەوتنی ئەم دۆسیەیە تەنیا بە ڕێکارە ئاسایشییەکان بەدی ناهێنرێت، بەڵکو پێویستی بە شەڕاکەتێکی کۆمەڵایەتیی بەربڵاو هەیە کە لەسەر دیالۆگ، متمانە و پاڵپشتیکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت وەستاوە".

جەختیشی کردەوە کە "سنووردارکردنی چەک بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانیی هاوبەشە و پێویستی بە تێکۆشانی هەوڵەکانی هەمووان هەیە بە دوور لە موزایەدە و دابەشبوونەکان"، و داوای لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن کرد کە "وتارێکی پیشەیی و بەرپڕسیارانە بگرنە بەر کە بەشدار بێت لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و بەهێزکردنی متمانە بە دامەزراوە ئاسایشییەکان و نەڕەخساندنی دەرفەت بۆ دەنگۆ یان ئەو وتارانەی کاریگەری لەسەر ئاشتیی کۆمەڵایەتی دادەنێن".

دلفی داوای لە ڕۆڵەکانی گەلی عێراق کرد کە "وەک یەک ڕیز لە پشت دامەزراوەکانی دەوڵەتدا بوەستن و پاڵپشتی لە هەر هەنگاوێک بکەن کە سەروەریی یاسا بەهێز دەکات، چونکە سەقامگیری و ئاسایشی عێراق بەرپرسیارێتیی هەمووانە، هەرچەندە دەوڵەت تاقە لایەن بێت کە چەکی بەدەستەوە بێت و یاسا جێبەجێ بکات، ئاسایش زیاتر دەبێت و هەژموونی دەوڵەت دەچەسپێت و ژینگەی گونجاو بۆ گەشەپێدان، وەبەرهێنان و پاراستنی مافی سەرجەم هاووڵاتییان دابین دەبێت".

لای خۆشییەوە، شارەزای ئاسایش، جەلیل خەلەف، بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) جەختی کردەوە کە "بڕیاری سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا بڕیارێکی گرنگە، چونکە سەرجەم سەرۆک وەزیرانەکانی پێشوو داوایان لێکردبوو، بەڵام جێبەجێکردنی بەدی نەهاتبوو، لە کاتێکدا سەرۆک وەزیران فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان ئەم بڕیارە زۆر گرنگەی دا، چونکە دەبێت بڕیارێکی یەکگرتووی دەوڵەتی عێراق هەبێت بۆ سەپاندنی سەروەری، هەژموون و کۆنتڕۆڵکردنی دەوڵەتی عێراق".

ئاماژەی بە "گرنگیی یەکخستنی هێزە چەکدارەکان لە یەک دەستدا کرد، چونکە ناکرێت بڕیاری فرەیی هەبێت لەبەر ئەوەی دەوڵەتی عێراق خاوەنی مێژوویەکی دێرینە و ئەم بڕیارە هەژموونی دەوڵەت دەگەڕێنێتەوە، هەروەها عێراق شوێنێکی گرنگی لە ناوچەکەدا هەیە و دەبێت ڕێز لە سەروەریی عێراق بگیڕێت لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە"، و ڕوونی کردەوە کە "ئێستا چەک تەنیا لە دەستی فەسیلە چەکدارەکاندا نییە، بەڵکو بووەتە دەستی عەشایر، بازرگانانی دەرمانە هۆشبەرەکان و باندەکان، ئەمەش پێویستی بە هەوڵێکی گەورەی دەوڵەتی عێراق هەیە و دەبێت گەلی عێراقیش پاڵپشتی لەم بڕیارە بکات".

ڕوونیشی کردەوە کە "بڕیاری سنووردارکردنی چەک بەشدار دەبێت لە بەدیهێنانی سەقامگیریی ئاسایشی عێراق، چونکە کۆمپانیا وەبەرهێنەرەکان ڕوو لە عێراق دەکەن کاتێک تێبینیی ئەوە دەکەن سەقامگیرییەکی ئاسایشی لە وڵاتدا هەیە، کە ئەمەش بەشدار دەبێت لە بەهێزکردنی گەشەپێدان و بەرزکردنەوەی پێگەی عێراق، بۆیە بڕیارەکە پێویستی بە هاوکاریی هەمووان هەیە لەگەڵ حکومەت بۆ سەرخستنی ئەم هەنگاوە".

لە لایەنی خۆیەوە، شارەزای ئاسایش، محەمەد غەسسوب، بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) جەختی کردەوە کە "لە پایە گرنگەکان بۆ بونیادنانی هەر دەوڵەتێک و بەخشینی بەهایەکی ناوخۆیی، هەرێمی و نێودەوڵەتی پێی، ئەوەیە کە هەژموونی دەوڵەت و دامەزراوەکان بەسەر سەرجەم جومگەکاندا هەبێت بە تایبەتی لە مەسەلەی سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا"، و ڕوونی کردەوە کە "ئەم دۆسیەیە بە یەکێک لەو پایانە هەژمار دەکرێت کە سەرۆک وەزیران پشتی پێ بڕیوە لەگەڵ دژایەتیکردنی گەندەڵی، چونکە بە دژایەتیکردنی گەندەڵی لە ئاستە نزمەکانەوە دەستی پێکرد و چاوەڕوان دەکرێت هەڵبکژێت بۆ ئەوەی بگاتە سەرکردە و پاڵپشتیکارانی ئەم گەندەڵییە".

ئاماژەی بەوەشکرد کە "ئەو هەنگاوانەی حکومەت ناویەتی ئەرێیین و پێویستیان بە پاڵپشتیی ئەو هێزە سیاسییانە هەیە کە حکومەت پێکدەهێنن و کۆنتڕۆڵی جومگەکانی دەوڵەت دەکەن"، و سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا کە "حزب هەن کە چەکیان پێیە و ڕەزامەندییان لەسەر سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا دەربڕیوە کە ئەمەش شتێکی ئەرێنییە، بەڵام لایەنی تر هەن کە ڕەتیانکردووەتەوە، و چاوەڕوانی ئەوەین تەوافق و دیالۆگ هەبێت بۆ سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا و دیاریکردنی وادەیەک بۆ ئەم دیالۆگ و تێگەیشتنانە".

ڕوونیشی کردەوە کە "ئەم بڕیارە بە شێوەیەکی ئەرێنی ڕەنگدەداتەوە لەسەر بەهێزکردنی هێزە ئاسایشییە سەرەکییەکان لە سوپا و پۆلیس"، و ئاماژەی بەوە کرد کە "بەشێک لە وتەبێژانی سەر بە لایەنە چەکدارەکان هەوڵ دەدەن بریندارکاری لە تواناکانی هێزە ئاسایشییەکان، سەر بەخۆیی و دڵسۆزییان بۆ دەوڵەت بکەن، کە ئەمەش شتێکی سەیرە و دەبێت حکومەت بەرەنگاری ئەم دەنگانە ببێتەوە کە هەوڵی ڕووخاندنی ورەی هاووڵاتییان و سووکایەتیکردن بە نیشتمانپەروەریی سوپا و پۆلیس دەدەن".

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە "سەرکەوتنی سەرۆک وەزیران و حکومەت لە سنووردارکردنی چەک و دژایەتیکردنی گەندەڵی، عێراق دەگەڕێنێتەوە بۆ پێگەی خۆی وەک دەوڵەتێک کە خاوەنی دامەزراوەی ڕێزلێگیراوە و کۆنتڕۆڵی خۆی بەسەر سەرجەم جومگەکانی دەوڵەتدا دەسەپێنێت و خاوەنی سەنگێکی هەرێمی و نێودەوڵەتییە"، و سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا کە "ئەمە ڕەنگدانەوەیەکی زۆری لەسەر عێراق دەبێت و دەیکاتە تەوەرێک بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ژینگەیەکی ڕاکێشەر بۆ وەبەرهێنانەکان، کە ئەمەش توانای عێراق لە بونیادنان و لەخۆگرتنی بڕێکی گەورە لە دەستی کار بەهێز دەکات، چونکە وەبەرهێنان و کەرتی تایبەت دەتوانن ئەم ژمارە گەورەیە لە بێکاران و خاوەن بڕوانامەکان لەخۆبگرن".