ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند دوای دەستڕێژی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی ئێران لە ڕێگای نێوان مەریوان بانە، سێ ئەندامی بنەماڵەیەکی کورد کوژران.
بە پێی ڕاپۆرتەکەی ئەو ڕێکخراوە کە پشت بە زانیارییەکانی تۆڕەکانی نێو ئێران دەبەستێت، ئەوانەی کوژراون وێنەگر و چالکوانی فەرهەنگی کورد مەهدی تەوەکولی، دایکی به ناوی مەریام ئه سڵانی و خوشکێکی به ناوی سومەیە بوون. ڕێکخراوەکە ڕایگەیاندووە کە ڕووداوەکە ڕۆژی یەکشەممە 26ی حەوت ڕوویداوە.
ڕێکخراوی هەنگاو دەشڵێت مەهدی تەوەکولی پێشتر زیندانی سیاسی و بەڕێوەبەری ماڵی فۆتۆگرافەرانی کوردستان و دامەزرێنەری ماڵی هونەری چاو بووە.
سەرچاوەکان لە نێو ئێرانەوە ئاماژە بەوە دەکەن تەرمەکان سەرەتا بۆ نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیوبیی بانه و پاشان لەژێر چاوەدێریی ئیتلاعاتی سوپادا بۆ سنە گوازراوەتەوە و پاشان لە کەشێکی توندی ئاسایشیدا لە گۆڕستانی بەهەشتی محەمەدی شاری سنە بەخاک سپێردراون.
دەسەڵاتدارانی ئێران فشاریشیان خستووەتە سەر ئەو بنەماڵەیە کە بە ئاشکرا باسی ڕووداوەکە نەکەن و لەبری ئەوە مردنەکان بە ئەنجامی ڕووداوی هاتوچۆ وەسف بکەن.
میدیای دەوڵەتی ئێران و وتەبێژی فەرماندەیی جێبەجێکردنی یاسای ئێران (فارەجا) باسێکی جیاوازیان کرد. بەرپرسان ئیدیعایان کردووە کە ئۆتۆمبێلەکە ئەندامانی گرووپی چەکداری ئۆپۆزسیۆنی کورد پژاکی هەڵگرتووە و لە نزیک سنووری بانە لە تێکهەڵچوونێکی چەکداریدا تێوەگلاوە.
تا ئێستا دەسەڵاتدارانی ئێران لێکۆڵینەوەی سەربەخۆیان لە بارەی کوژراوەکان ڕانەگەیاندووە.
