هەولێر – INA

ئەمڕۆ شەممە،وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان،رایگەیاند : کە تیمێکی هونەری بۆ بەغدای دەنێردرێت بۆ بەردەوامبوون لە گفتوگۆکان سەبارەت بە دۆسیەکانی مووچە و بودجەی گشتی، هاوکات ئاشکرای کرد کە جووڵە و دانیشتنی کاری چڕ ئەنجام دەدرێت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و سووککردنەوەی باری قورسی سەر شانی هاووڵاتییان.

پێشوا هەورامی، وتەبێژی حکومەتی هەرێم، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: تیمێکی هونەری پسپۆڕ لە هەرێمی کوردستان ئێستا خەریکی گفتوگۆن و سەردانی بەغدای پایتەخت دەکەن، بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسیەکانی مووچە و پشکی هەرێم لە بودجەی فیدراڵی.

لەبارەی دۆسیەی بەنزین و خزمەتگوزاری و گوزەرانەوە، هەورامی جەختی کردەوە کە حکومەتی هەرێم ڕێگا نادات بە بەردەوامبوونی بەرزبوونەوەی نرخەکانی بنزین، و بە شێوەیەکی چڕ کار دەکات بۆ دۆزینەوەی چارەسەری ڕیشەیی و گونجاو بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەم بەرزبوونەوەیە و دابەزاندنی نرخەکان لە زووترین کاتی گونجاودا.

ئەوەشی خستیە ڕوو : کە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ چاودێری ئەم دۆسیەیە دەکات، و جەخت لە پابەندبوونی تەواوی خۆی دەکاتەوە بۆ گەیشتن بە چارەسەری بەرجەستە کە کۆتایی بەم قەیرانە بهێنێت.

وتەبێژی حکومەتی هەرێم ، ئاماژەی بەوەشکرد کە زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ خاوەن وێستگەکانی سووتەمەنی و بازرگانەکان کراون بۆ گوێگرتن لە داواکارییەکانیان و ئاستەنگەکانی کارکردن، و ڕایگەیاند: ئێمە سوورین لەسەر ئەوەی خاوەن وێستگەکان و بازرگانەکان تووشی زیان نەبن، بەڵام بەرژەوەندی هاووڵاتی لە سەرووی هەموو لەپێشینەکانەوەیە.

هەورامی ، داوای لە بازرگانان و خاوەن وێستگەکان کرد کە قازانجی خۆیان کەم بکەنەوە، بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی گشتی و لە هەمان کاتدا جەختی کردەوە کە حکومەت سەرجەم ئاسانکارییە پێویست و لۆجستییەکان پێشکەش دەکات بۆ پشتگیریکردنیان و دڵنیابوون لە سەقامگیری بازاڕ.