بەغدا – INA – ئامنە سەلامی

وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، پێشنیارێکی بۆ لێخۆشبوونی ئالیک و دەرمانی ڤێتێرنەری لە باج و ڕەسمی گومرگی ڕاگەیاند، هاوکات ئاماژەی بەوە کرد کە بەرهەمی ساڵانەی هێلکە گەیشتووەتە ٦ ملیار دانە و پلانێک بۆ گەیشتن بە خۆبژێوی جێبەجێ دەکرێت.

قوسەی حەتاب، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: "کەرتی پەلەوەر ڕووبەڕووی چەندین ئالەنگاری بووەتەوە، لەوانە بەرزبوونەوەی تێچووی بەرهەمهێنان، بڵاوبوونەوەی نەخۆشی، و کێبڕکێی نادروستی بەرهەمی هاوردە کە بە نرخێکی هەرزان و کوالێتییەکی نزمتر دەخرێنە بازاڕەوە.."

"گوتەبێژی وەزارەت ئاماژەی بەوەش کرد کە یەکێکی تر لە کێشە سەرەکییەکان، هاتنی مریشکی بەستوو و پارچەکراو و هێلکەی خواردنە بە نرخێکی هەرزان و کوالێتییەکی نزم، کە زۆرجار لە ڕێگەی دەروازە ناڕەسمییەکانەوە دەهێنرێنە ناوەوە؛ ئەمەش بووەتە هۆی زیانی گەورە بۆ خاوەن کێڵگەکان و داخستنی ژمارەیەکی زۆر لە کێڵگەی پەلەوەر، بە جۆرێک لە هەندێک پارێزگادا ژمارەی کارمەندانی ئەو کەرتە لە ٢٠ هەزارەوە بۆ تەنیا ٣ هەزار کەس کەمبووەتەوە، جگە لە بەردەوامیی دیاردەی هاوردەکردنی هەڕەمەکی و خستنەڕووی مریشکی زیندوو بە شێوازێکی ناتەندروست."

"حەتاب ڕوونیکردەوە، پێشبینی دەکرێت لە ساڵی ٢٠٢٦دا بەرهەمهێنانی گۆشتی مریشک بگاتە ٤٠٠ هەزار تۆن، لە کاتێکدا بەرهەمهێنانی ساڵانەی هێلکەی خواردن لە نێوان ٥ بۆ ٦ ملیار دانەدایە (بەبێ هەژمارکردنی هەرێمی کوردستان)؛ ئەمەش لە کاتێکدایە کە پێداویستیی ساڵانەی عێراق بۆ گۆشتی پەلەوەر نزیکەی ٩٠٠ هەزار تۆنە و بۆ هێلکەش نزیکەی ٩ ملیار دانەیە."

"گوتەبێژی وەزارەت ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم ئامارانە تەنیا پڕۆژە مۆڵەتدراوەکان دەگرێتەوە، لە کاتێکدا ژمارەیەک پڕۆژەی بێمۆڵەت و پڕۆژەی دیکە لە ناوچە جێناکۆکەکاندا هەن؛ وتیشی پێشبینییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە لەگەڵ کەوتنەگەڕی پڕۆژە نوێیەکان، عێراق دەتوانێت لە بەرهەمهێنانی هێلکەدا بگاتە قۆناغی خۆبژێوی."

"ڕوونیشیکردەوە کە وەزارەت دەستی بە جێبەجێکردنی پاکێجێک ڕێکار کردووە بۆ بووژاندنەوەی ئەم کەرتە، دیارترینیان پاراستنی بەرهەمی ناوخۆییە لە ڕێگەی قەدەغەکردنی هاوردەکردنی مریشکی تەواو، پارچەکراو و بەرهەمە ئامادەکراوەکان لە ڕێکەوتی ١٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ەوە؛ جگە لە بەرزکردنەوەی ڕەسمی گومرگی بە ڕێژەی ٧٠٪ لەسەر هێلکەی هاوردە، ٥٠٪ لەسەر مریشکی سەربڕاو و ٢٥٪ لەسەر پارچەکانی مریشک، هاوکات لەگەڵ جێبەجێکردنی ڕۆژژمێری کشتوکاڵی و توندکردنەوەی چاودێریی سنوورەکان بۆ ڕێگری لە قاچاخ."

"حەتاب وتیشی، وەزارەت کار دەکات بۆ پاڵپشتیکردنی پێداویستییەکانی بەرهەمهێنان لە ڕێگەی لێخۆشبوونی گومرگی بۆ ئالیک، دەرمانی ڤێتێرنەری و سەربڕخانەکان، لەگەڵ هەبوونی پێشنیازێک بۆ لێخۆشبوونی باج لەسەر پڕۆژەکانی پەلەوەر؛ هەروەها خاوەن کێڵگەکان دەخرێنە ناو لیستی قەرزەکانی بانکی ناوەندییەوە بە سوودێکی کەم و ڕێکارێکی ئاسان."

"ئاماژەی بەوەش کرد کە پلانەکانی گەشەپێدان دروستکردنی سەربڕخانەی مۆدێرن، کۆگای ساردکەرەوە و هێڵی گواستنەوەی ساردکەرەوە دەگرێتەوە، لەگەڵ پشتگیریکردن لە دامەزراندنی کۆمەڵە و کۆمپانیای تایبەتمەند بۆ بازاڕکردنی بەرهەمەکان و سوودوەرگرتن لە پاشماوە و بەرهەمە لاوەکییەکان بۆ بەرزکردنەوەی بەهای زیادە لەم کەرتەدا."

"هەروەها حەتاب جەختی کردەوە کە وەزارەت گرنگییەکی زۆر بە لایەنی تەندروستی و تەکنیکی دەدات لە ڕێگەی جێبەجێکردنی یاسای تەندروستیی ئاژەڵ و یاسای پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ؛ هاوکات کار دەکەن بۆ دامەزراندنی دەزگایەکی پسپۆڕ بۆ چاودێریکردنی نرخەکان و ڕێگری لە پڕکردنی بازاڕ بە بەرهەمی دەرەکی ، لەگەڵ هەوڵدان بۆ بونیاتنانی کارگەی بەرهەمهێنانی ڤاکسین لە تاقیگە ناوخۆییەکاندا."

"لە کۆتاییدا ڕوونیکردەوە کە هەماهەنگییەکی بەردەوام لەنێوان وەزارەتی کشتوکاڵی فیدراڵ و وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستاندا هەیە لە ڕێگەی لیژنەیەکی باڵای هاوبەشەوە بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاری و ئاسانکاری بۆ جووڵەی بەرهەمەکان؛ ئەمەش هاوتەریبە لەگەڵ جێبەجێکردنی ستراتیژیەتی گەشەپێدانی بەردەوامی کەرتی پەلەوەر (٢٠٢٢-٢٠٢٦) کە وەزارەت بە هاوکاریی نەتەوە یەکگرتووەکان بە مەبەستی بەهێزکردنی توانای کێبڕکێ و ڕەخساندنی هەلی کار دەستی پێکردووە.