بەغدا – INA
حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ڕایگەیاند کە سەردانەکەی سەرۆکوەزیران بۆ ئێران تیشک دەخاتە سەر لێکتێگەیشتنە ئابوورییەکان لە بوارەکانی گواستنەوە و پیشەسازیدا.
عەبوودی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) بەدواداچوونی بۆ کردووە، ڕایگەیاند: "سەرۆکوەزیران لەسەر بانگهێشتی فەرمیی سەرۆککۆماری ئێران دەست بە سەردانەکەی دەکات؛ لەوێ چەندین گفتوگۆ و کۆبوونەوە ئەنجام دەدرێن کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوو وڵات و بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی ناوچەکە دەکەن بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری."
گوتەبێژی حکومەت ئاماژەی بەوەش کرد: "سەرۆکوەزیران لەگەڵ شاندێکی باڵای حکومیدایە و هەڵگری پەیامی عێراقە، کە جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئاشتی و دیالۆگی دیپلۆماسی تەنیا ڕێگەیە بۆ بەهێزکردنی ئاسایش و گەشەپێدانی ئابووریی ناوچەکە."
سەبارەت بە ئەجێندای کۆبوونەوەکان، عەبوودی ڕوونیکردەوە: "گفتوگۆکان لە تاران تیشک دەخەنە سەر کۆمەڵێک لێکتێگەیشتنی ئابووری و هاوکاریی هاوبەش لە بوارەکانی گواستنەوە، پیشەسازی و دارایی، جگە لە تاوتوێکردنی دوایین گۆڕانکارییە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکان."
لە کۆتایی قسەکانیدا جەختی کردەوە کە: "پەیامی عێراق لە هەموو سەردانەکانیدا جەختکردنەوەیە لە گرنگیی پەنابردن بۆ دیالۆگ و دیپلۆماسی بۆ کەمکردنەوەی ئاستی قەیرانەکان لە ناوچەکەدا؛ حکومەت پەرۆشە بۆ ڕەخساندنی ژینگەیەکی ئارام بۆ گەشەپێدانی ئابووری و بەهێزکردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان لەگەڵ دەوروبەری ئیقلیمی و نێودەوڵەتیدا.

