هەولێر – INA
بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر ئاگادارییەکی ئاراستەی شۆفێران و بەکارهێنەرانی ڕێگەوبان کرد و ڕایگەیاند کە بەهۆی دەستپێکردنی ئیشوکاری چاکسازی و نۆژەنکردنەوەی تەکنیکی، بەشێک لە ڕێگەی سەرەکیی بەستنەوەی هەردوو شاری هەولێر و کەرکووک بە شێوەیەکی کاتی دەداخرێت.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی هاتووچۆی هەولێر كه دهستی ئاژانسی ههواڵی عێراقی (INA) كهوتووه تێیدا، بڕیاری داخستنی رێگای نێوان ههولێر و كهركوك لە کاتژمێر ٠٩:٠٠ی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە؛ بە شێوەیەک کە داخرانەکە تەنیا سایدی (ئاڕاستە)ی چوون لە هەولێرەوە بەرەو کەرکووک دەگرێتەوە، بەتایبەت ئەو مەودایەی لە ترافیكلایتی "مورتکە"وە دەست پێ دەکات تاوەکو ترافیكلایتی "قوشتەپە".
بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆ ڕوونی کردووەتەوە کە "پێویستە ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە هەولێرەوە دێن و ئاڕاستەی کەرکووکن، لە ترافیكلایتی مورتکەوە بپێچنەوە و ڕێگە کۆنەکەی کەرکووک بگرنە بەر، پاشان لە ڕێگەی ناحیەی قوشتەپەوە بگەڕێنەوە سەر ڕێگە سەرەکییەکە."
هۆکاری ئەم داخرانە بەشەکی و کاتییە دەگەڕێتەوە بۆ جێبەجێکردنی ئیشوکاری چاکسازی و نۆژەنکردنەوەی ڕێگەکە، و دروستکردنی دەروازەی نوێی هەولێر لە ترافیكلایتی قوشتەپە. بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر ئاماژەی بەوەش کردووە کە کارە ئەندازیارییەکان بەردەوام دەبن تا تەواوبوونی پڕۆژەکە، و داوا لە شۆفێران دەکات هاوکاریی مەفرەزەکانی هاتووچۆ ببن و پێبەندی ڕێنماییەکانی هاتووچۆ ببن تا کاتی دووبارە کردنەوەی تەواوەتیی ڕێگەکە.

