بەغداد – INA

کۆمپانیای گشتیی پێشەسازیی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان لە سامەڕا، کە یەکێکە لە کۆمپانیاکانی وەزارەتی پێشەسازی و کانزاکان، ئه‌مڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند: زیاتر لە (42) هەزار شریتی حەبی "داباکسۆسین"ی تایبەت بە چارەسەری نەخۆشیی شەکرەی جۆری دووی بۆ وەزارەتی تەندروستی دابین کردووە.

محەمەد عەبدولقادر نەعیمی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیاکە، لە بەیاننامەیەكدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، ڕایگەیاند: "کۆمپانیاکە زیاتر لە (42) هەزار شریتی حەبی (داباکسۆسین)ی بە بڕی (5 ملگم)ی تایبەت بە چارەسەری نەخۆشیی شەکرەی جۆری دووی بۆ وەزارەتی تەندروستی دابین کردووە، ئەوەش بەپێی ئەو گردبەستەی لە نێوان هەردوو لادا واژۆ کرابوو."

ئاماژەی بەوەشدا:"حەبی داباکسۆسین بەپێی نوێترین تایبەتمەندییە دروستکراوە جیهانییەکان بەرهەم هێنراوە، بە بەکارهێنانی کەرەستەی خاوی سەرچاوە بڕواپێکراوەکان و لە هەموو قۆناغەکانی بەرهەمهێناندا بەناو زنجیرەیەک پشکنینی تاقیگەیی و ڕێکارەکانی کۆنترۆڵکردنی کوالێتیی ورددا تێدەپەڕێت، بە شێوەیەک کە دەستەبەری کوالێتیی بەرهەمەکە و کاراییە چارەسەرییەکەی بکات."

ئەوەشی خستەڕوو: کە "کۆمپانیاکە بەردەوامە لە پاڵپشتیکردنی کەرتی تەندروستی لە ڕێگەی دابینکردنی دەرمانی نیشتمانیی کوالێتی بەرز، بە جۆرێک کە بەشدار بێت لە بەهێزکردنی ئاسایشی دەرمانیی نیشتمانی."