بەغداد - INA - نەسار حاج
ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیران، مەزهەر محەمەد ساڵح، ئهمڕۆ سێشەممە جەختیکردەوە: پشتبەستن بە یاسای قەرز و بەخشینەکان ڕێکارێکی کاتییە بۆ دەستەبەرکردنی بەردەوامیی خەرجییەکان تاوەکو پەسەندکردنی بودجە، و نابێتە جێگرەوەیەکی هەمیشەیی بۆ بودجەی گشتی.
ساڵح بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند: "لە حاڵەتی پشتبەستن بە یاسای قەرز و بەخشینەکان وەک جێگرەوەیەک بۆ یاسای بودجە، حکومەت پەنا دەباتە بەر ئالیەتێکی دارایی کاتی کە ڕێگەی پێدەدات بەردەوام بێت لە داپۆشینی خەرجییە بنەڕەتییەکان و جێبەجێکردنی پابەندبوونە داراییەکانی تا ئەو کاتەی بودجەی گشتی پەسەند دەکرێت."
وتیشی: "ئەم ئالیەتە قەرزی ناوخۆیی دەگرێتەوە لە ڕێگەی دەرکردنی حەواڵە یان سەندەکانی گەنجینە کە بانک و دامەزراوە داراییە ناوخۆییەکان بەشدارییان تێدا دەکەن، هەروەها دەکرێت قەرزی دەرەکیش لە دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییەکان یان دەوڵەتانی بەخشەر بگرێتەوە، جگە لە سوودوەرگرتن لە بەخشینە نێودەوڵەتییەکان کە لەلایەن لایەنە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانەوە دابین دەکرێن بۆ دابینکردنی دارایی پڕۆژە یان کەرتە دیاریکراوەکان."
ڕوونیشیکردەوە: "مەرج نییە سروشتی پارەدارکردنەکە تەنها لە قەرزی ناوخۆییدا سنووردار بێت، بەڵکو بەپێی قەبارەی پێداویستییەکانی دارایی و بەردەستبوونی نەختینەیی و تێچووی قەرزکردن و چوارچێوەی یاسایی کە ڕێگە بە حکومەت دەدات ئەم ئامرازانە دیاری دەکرێت."
ئاماژەی بەوەش دا: کە "پەنابردن بۆ ئەم بژاردەیە لە شوێنی پەسەندکردنی یاسای بودجە، زۆربەی کۆڕپەیوەندیی بە دواکەوتنی بودجە و ئەنجامەکانی هەیە لە نەبوونی سایەی یاسایی پێویست بۆ خەرجییەکانی حکومەت، ئەوەی وا لە حکومەت دەکات بگەڕێت بەدوای ئامرازی دارایی کاتیدا کە بەردەوامیی دابەشکردنی مووچە، دابینکردنی دارایی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، و جێبەجێکردنی پابەندبوونە داراییە بەپەلەکان دەستەبەر بکات،" ڕوونیشی کردەوە کە "لاوازیی نەقدیی یان دابەزینی داهاتە گشتییەکان، بە تایبەتی لە سایەی هەڵبەز و دابەزی نرخەکانی نەوت و فرەوانبوونی قەبارەی خەرجییەکان، دەکرێت هۆکارێکی زیادە بێت کە پێویستی بە قەرزکردن بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنان و دەستەبەرکردنی دارایی پێویست بەهێزتر دەکات."
وتیشی: "پشتبەستن بە یاسای قەرز و بەخشینەکان نابێتە جێگرەوەیەکی هەمیشەیی بۆ بودجە، بەلکو ڕێکارێکی ئیستسنائی و کاتییە کە ئامانجی دەستەبەرکردنی بەردەوامیی کاری دامەزراوەکانی دەوڵەتە تا ئەو کاتەی ڕێکارە دەستووری و یاسادانانییەکانی تایبەت بە پەسەندکردنی بودجەی گشتی تەواو دەکرێن."
