دوابەدوای پەرەسەندنی هێرشەکانی ئەمەریکا و کۆماری ئیسلامی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، کاربەدەستانی ئیسرائیل ڕایانگەیاندووە ئەمەریکا فڕۆکەی گواستنەوەی سووتەمەنی زیاتر بۆ ئیسرائیل دەنێرێت، ئەمەش هەنگاوێکە کە بە وتەی خۆیان بەشێکە لە بەهێزکردنی سەربازی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.
بەرپرسێکی سەربازی ئیسرائیل ڕۆژی یەکشەممە 19ی مابگی حەوت بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند ئەمەریکا بڕیاری داوە "هێزەکانی لە ناوچەکەدا ڕێکبخاتەوە" و فڕۆکەی گواستنەوەی سوتەمەنی زیاتر ڕەوانەی ئیسرائیل بکات. بە گوتەی بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیلی، پێشبینی دەکرێت دەیان فڕۆکەی گواستنەوەی سوتەمەنی بگوازرێنەوە بۆ ئیسرائیل.
ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان ئەمەریکا و کۆماری ئیسلامی لە دوای تێکچوونی ئاگربەستێکی کاتی مانگێک لەمەوبەر چڕتر بووەتەوە و نیگەرانییەکانی لە گەڕانەوە بۆ شەڕی تەواوەتی دروستکردووە. بەڵام هێشتا ئیسرائیل بەشداری لە خولی نوێی هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر کۆماری ئیسلامی نەکردووە.
بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە ئۆرشەلیم هیچ لێدوانێکی لەسەر ئەو ڕاپۆرتە نەداوە.
ماڵپەڕی هەواڵی ئەکسیۆس هەروەها ڕۆژی هەینی بە پشت بەستن بە سێ بەرپرسی ئەمەریکایی و ئیسرائیل ڕایگەیاند حکومەتی ترامپ ئیسرائیلی لە بڕیاری خۆی بۆ ناردنی دەیان فڕۆکەی گواستنەوەی سوتەمەنی لە ئەگەری پەرەسەندنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دژی کۆماری ئیسلامی ئاگادار کردووەتەوە.
ئەو بەرپرسە سەربازییە ئیسرائیلییە هەروەها ڕایگەیاندووە، بەمەبەستی کەمتر پەککەوتنی گەشتە مەدەنییەکان و بە لەبەرچاوگرتنی ڕەچاوکردنی ئۆپەراسیۆنی و لۆجستی، ئەمەریکا بڕیاری داوە بەشێک لە فڕۆکەکان لە بنکەکانی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل و هەندێکی دیکە لە فڕۆکەخانە مەدەنییەکان جێگیر بکات.

