بەغدا - INA
توێژەرانی زانکۆی فلۆریدا ئەتلانتیک ڕایانگەیاند کە جۆرێکی نوێی مەیمونیان لە دارستانە باراناوییەکانی کۆماری کۆنگۆیی دیموکرات دۆزیوەتەوە،و ئەم هەنگاوەش لەلایەن زانایانەوە بە یەکێک لە دیارترین دۆزینەوەکان لە بواری مەیموونەکان (پریماتەکان) لە کیشوەری ئەفریقا لە چەند دەیەی ڕابردوودا وەسف دەکرێت.
تیمە توێژەرەکە ناوی "کۆلۆبوس کۆنگۆینسیس" (Colobus congoensis)یان لەسەر ئەم جۆرە نوێیە داناوە، کە لە ناوچەکەدا بە "لیکویلی" ناسراوە، و ئەم مەیموونە قەبارەی بچووکە و تووکێکی ڕەشی هەیە،و هەروەها نیشانەی ڕەنگ کاڵ دەوری دەم و لووتی داوە کە دیمەنێکی وەک ماسکی پێدەبەخشێت،ئەمە جگە لە دەنگ و هاوارە تایبەتەکانی کە یارمەتی توێژەرانی داوە لە جۆرەکانی دیکەی جیای بکەنەوە.
ئەم دۆزینەوەیە دوای چەند ساڵێک لە توێژینەوەی مەیدانی لە پارکی نەتەوەیی "لۆمامی" لە ناوەڕاستی ڕۆژهەڵاتی کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ هات، کە تێیدا توێژەران پشتیان بە تۆماری دەنگی،و وێنەی مەیدانی و شیکاری بۆماوەیی بەستوە کە تیایدا سەلماندویانە کە ئەم ئاژەڵە جۆرێکی سەربەخۆیە و پێشتر تۆمار نەکراوە.
جۆنیۆر ئەمبۆکۆ، توێژەری کۆنگۆیی و خوێندکاری دکتۆرا لە زانکۆی فلۆریدا ئەتلانتیک، سەرپەرشتی بەشێکی گرنگی توێژینەوەکەی کرد و خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە بەشداریکردنی لە تۆمارکردنی جۆرێکی نوێی مەیموونەکان کە پێشتر تەنها دانیشتووانی ناوچەکە ناسیویانە.
لەلایەکی دیکەوە، جۆن هارت، زانای پاراستنی ژینگە لە دامەزراوەی لۆکۆرۆ بۆ توێژینەوەی ژیانی کێوی، ڕوونیکردەوە کە ئەم دۆزینەوەیە دەریدەخات حەوزی کۆنگۆ هێشتا چەندە دەوڵەمەندە بە فرەچەشنی زیندەیی کە تا ئێستا نەدۆزراوەتەوە، جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەم ناوچەیە یەکێکە لە دەوڵەمەندترین ژینگە سروشتییەکانی جیهان.
سەرەڕای گرنگی ئەم دۆزینەوەیە، توێژەران هۆشدارییان دا کە ئەم جۆرە نوێیە ڕەنگە ڕووبەڕووی مەترسی لەناوچوون ببێتەوە بەهۆی سنوورداریی ناوچەی بڵاوبوونەوەی و کەمبوونی ژمارەیان، بۆیە داوایان کرد بخرێتە لیستی ئەو جۆرانەی لە مەترسی لەناوچووندان لەلایەن یەکێتی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی سروشت (IUCN)، بۆ ئەوەی یارمەتی دابینکردنی پاراستنی پێویست بۆ ژینگەی سروشتییان بدرێت.
شایەنی باسە ئەم دۆزینەوەیە پێنجەم جۆری نوێی مەیموونە کە لە ماوەی نزیکەی 75 ساڵدا لە ئەفریقا تۆمار کرابێت،ئەمەش دەریدەخات کە هێشتا جۆرە نەناسراوەکان بوونیان هەیە سەرەڕای پێشکەوتنی توێژینەوە زانستییەکان.
