قاهیرە - INA

عێراق سەرۆکایەتی بیست و نۆیەمین کۆبوونەوەی تیمی هەمیشەیی شارەزایانی عەرەبی بۆ بەدواداچوونی ڕۆڵی میدیا لە ڕووبەڕووبوونەوەی دیاردەی تیرۆری کرد،کە لە شاری قاهیرەی پایتەختی میسر بەڕێوەچوو.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان،کە بۆ (INA) ناردوویەتی، تیایدا هاتووە : جادر جادری،بەڕێوەبەری فەرمانگەی ڕێکخستنی میدیایی لە دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق،کە سەرۆکایەتی کارەکانی کۆبوونەوەکەی گرتە ئەستۆ، وەک ئاماژەیەک بۆ ڕۆڵی کاریگەر و بنەڕەتی عێراق لەم بوارەدا و متمانەی وڵاتانی ئەندام بە هەوڵەکانی بەغدا بۆ هەماهەنگی لەگەڵ ئەمیندارییەتی گشتی کۆمکاری عەرەبی.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە : لە کۆبوونەوەکەدا، عێراق پێشنیارێکی گرنگی بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لە نێوان شارەزایانی میدیایی و بەرپرسانی میدیای ئەمنی خستەڕوو،کە ئامانج لەم پێشنیارە پەرەپێدانی هەماهەنگی و ئاڵوگۆڕی شارەزاییە، بەمەبەستی یەکخستنی هەوڵە میدیایی و ئەمنییەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گوتاری توندڕەوی بەپێی ستراتیژی میدیایی عەرەبی بۆ دژایەتیکردنی تیرۆر.

هەروەک بەشداربووان جەختیان لەسەر گرنگیی پشتیوانیکردنی توێژینەوە و لێکۆڵینەوە ئەکادیمییەکان کردەوە، وەک بنەمایەک بۆ تێگەیشتن لە گۆڕانکارییەکانی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان و داڕشتنی سیاسەتی میدیایی بەهێز کە پشت بە زانست و لێکدانەوەی ورد دەبەستێت.

هەر بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە : لە تەوەری دیکەدا، ڕۆڵی دراما وەک ئامرازێکی کاریگەری میدیایی بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و بەتایبەت گەنجان تاوتوێ کرا، بەمەبەستی چەسپاندنی بەهاکانی میانڕەوی و ڕەتکردنەوەی توندوتیژی.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، بەشداربووان پێشهاتە تازەکانی پەیوەست بە ڕێڕەوەکانی تیرۆر و پێشێلکارییەکانی ئیسرائیلیان دژی گەلی فەلەستین خستە بەر باس، کە تیایدا کۆبوونەوەکە داوای کرد گوتارێکی میدیایی پیشەیی و یەکگرتووی عەرەبی پەیڕەو بکرێت بۆ بەڵگەکردنی ئەو پێشێلکارییانە و گەیاندنی ڕاستییەکان بە ڕای گشتی جیهانی، بەجۆرێک کە پەیامی عەرەبی لە گۆڕەپانی میدیای نێودەوڵەتیدا پێشەنگ بێت.