بەغدا-INA
ئەمرۆ یەک شەممە، وەزارەتی کارەبای عێراق ڕایگەیاند، تۆڕی نیشتمانی کارەبا لە ئێستادا بە دۆخێکی نائاساییدا تێدەپەڕێت، بەڵام تیمەکانیان بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ باشترکردنی دۆخەکە و زیادکردنی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا بە هاوڵاتییان.
ئەحمەد تورکی جیهاد،وتەبێژی وەزارەتی کارەبا لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی(INA)ناردوویەتی،تیایدا ئاماژەی بەوە کردوە : وەزارەت بەتەواوی لە کێشە و ئاستەنگەکانی هاوڵاتییان تێدەگات، بەڵام کۆمەڵێک هۆکاری دەرەکی و ناوخۆیی هەن کە بوونەتە هۆی ئەم دۆخە، لەوانە کەمبوونەوەی دابینکردنی غاز بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، و بەرزبوونەوەی بەرچاوی خواست لەسەر کارەبا بەهۆی پلەی گەرمای بەرز، هەروەها زیادەڕەوییە بەردەوامەکان بۆ سەر تۆڕی کارەبا و پێویستی بە تەرخانکردنی بودجەی زیاتر بۆ نوێکردنەوەی ژێرخانەکە. هەروەک جەختی لەوە کردەوە کە تیمەکانیان لە سەرجەم پارێزگاکان بەردەوامن لە کارکردن بۆ چاککردنەوەی کێشە هونەرییەکان، و داواشی لە هاوڵاتییان کرد بە گوێرەی پێویست وزەی کارەبا بەکار بهێنن و ئاگادارکردنەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حاڵەتەکانی زیادەڕەویی بۆ سەر تۆڕەکان،و هاوکار بن بۆ ئەوەی بتوانن کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بکەن.

