نەجەف-INA
ئەمرۆ یەکشەممە، حوسێن عيساوی،سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای نەجەفی ئەشرەف،بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) وت : ئەنجومەن لە دانیشتنێکی نائاسایی خۆیدا ، بڕیاریدا پێشنیار بکات کرێی کارەبای ماڵان بۆ مانگەکانی تەمموز و ئابی ئەمساڵ بەتەواوی لێخۆشبوونی بۆ بکرێت. ئەم هەنگاوەی ئەنجومەنەکە لەپێناو کەمکردنەوەی باری سەر شانی هاوڵاتییان گیراوەتەبەر، کە بەهۆی پلەی گەرمای بەرز و پچڕانی بەردەوامی کارەباوە رووبەڕووی دۆخێکی دژوار بوونەتەوە.
هاوکات بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشەکە، ئەنجومەنەکە بڕیاریدا لیژنەیەکی باڵا بە سەرۆکایەتی پارێزگاری نەجەف و بە بەشداریی نوێنەرانی پارێزگاکە لە ئەنجومەنی نوێنەران و لایەنە پەیوەندیدارەکان پێکبهێنێت، بۆ ئەوەی سەردانی بەغدا بکەن و لەگەڵ وەزیری کارەبا کۆببنەوە تا بە فەرمی داوای زیادکردنی پشکی کارەبای پارێزگاکە بکەن کە لەگەڵ پێویستی و ژمارەی دانیشتوانەکەیاندا بگونجێت.


