بەغدا-INA
ئەمرۆ یەک شەممە،عەلی حەسەن سەلیمون، پارێزگاری واست ڕایگەیاند، هەڵمەتێکی فراوانی کارگێڕی و چاودێرییان بۆ پاککردنەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە پارێزگاکەدا دەستپێکردووە.
سەلیمون ئاشکرای کرد کە ژمارەیەک دۆسیەی گەندەڵی و پێشێلکاری گەورەی دارایی ڕەوانەی دەستەی دەستپاکی و دادگا کراون، ئەمەش دوای ئەوەی دەرکەوت بڕی زیاتر لە ترلیۆنێک و 284 ملیار دینار، لەگەڵ 100 ملیار دیناری دیکە لە پارەی تەرخانکراوی پترۆدۆلار و دەروازە سنوورییەکان، لە پڕۆژەی لاواز و پێچەوانەی کوالیتی داواکراو خەرج کراوە، کە بەشێکیان سەرەڕای ئەوەی تازە جێبەجێکراون، بەڵام لە ئێستاوە تێکچوون و لەناوچوون.
پارێزگاری واست ، لەمیانی بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی کەناڵی عێراقیە، کە ئاژانسی هەواڵی عێراقیش (INA) وەریگرتوە ، باسی لە نموونەیەک کرد و ئاماژەی بە پڕۆژەیەکی بنیاتنان کرد کە تێچووەکەی 37 ملیار دینار بووە، بەڵام تەنها حەوت مانگ دوای وەرگرتنی، بەهۆی دەستکاریکردنی کوالیتی هونەرییەکان و نەبوونی چاودێری،دووچاری داڕمان بووە. هەروەک ئاماژەی بەوەشکرد : کە لێژنەکانی وردبینی بۆیان دەرکەوتووە بڕی 85 ملیار دینار بەبێ وەرگرتنی ڕەزامەندی وەزارەتی دارایی بەسەر کۆمپانیای دیاریکراودا دابەشکراوە، کە ئەو دۆسیەیەش ئێستا لەبەردەم دەستەی دەستپاکی یە.
سەلیمون،جەختی لەوە کردەوە کە ئیدارەی نوێی پارێزگاکە کۆتایی بە سەردەمی "ژوورە تاریکەکان" و پاوانخوازی لە بڕیاری ئیداریدا هێناوە و ئێستا کاردەکەن بۆ دووبارە ڕێکخستنەوەی کەرتی پڕۆژەکان لەسەر بنەمای یاسا و سوودوەرگرتن لە توانای ئەندازیارانی گەنج بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکی شایستە بە هاوڵاتییان.
