بەغدا - INA

ئەمڕۆ یەکشەممە ,عەدنان فەیحان، جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق،بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە ئەندامانی پەرلەمان، بە مەبەستی تاوتوێکردنی دۆخی بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆ و پلانەکانی داهاتوویان و ئەو گرفتانەی ڕووبەڕووی ئەو دەزگایە دەبێتەوە، پێشوازی لە فەریق "عودەی سەمیر" بەڕێوەبەری گشتی هاتوچۆ کرد.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی نوسینگەی فەیحان ، کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ناردوویەتی،تیایدا هاتووە : فەیحان جەختی لە گرنگیی چڕکردنەوەی ئامادەکارییەکان لەو دەروازەکان کردەوە کە زیارەتکارانی چلەی ئیمام حسێن (سڵاوی خوای لێ بێت) پێیدا تێپەڕ دەبن، بە مەبەستی ئاسانکاری لە هاتووچۆ و کەمکردنەوەی قەرەباڵغی لەو ماوەیەدا.

هاوکات داوای کرد ڕێکارە کارگێڕییەکان ئاسان بکرێن و ڕۆتین لە فەرمانگەکانی هاتوچۆ کەم بکرێتەوە بۆ ئەوەی کار و مامەڵەی هاوڵاتیان بە خێرایی و بەبێ دواکەوتن ئەنجام بدرێن.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە : جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان جەختی لەسەر بەردەوامیی هەوڵەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و بەرزکردنەوەی ئاستی هوشیاریی هاتوچۆ کردەوە، بە ئامانجی پاراستنی گیانی هاوڵاتیان و پتەوکردنی پابەندبوون بە یاساکانی هاتووچۆ و سەلامەتی گشتی.