بەغدا - INA

ئەمڕۆ یەکشەممە،دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق،ڕایگەیاند، لەسەر بنەمای زانیاری هەواڵگری ورد و بەدواداچوونی مەیدانی، توانیویانە زنجیرەیەک تۆڕی قاچاخچێتی دراو لە چەند پارێزگایەک هەڵبوەشێننەوە و دەست بەسەر بڕێکی زۆری پارەدا بگرن.

بەپێی بەیاننامەی دەزگاکە، كە بۆ (INA)ناردوویەتی،تیایدا هاتووە : لە پارێزگای دیالە، هێزەکانیان تۆڕێکی قاچاخچێتی دراویان لە نێوان بەغدا و سلێمانی ئاشکرا کردووە کە لە ڕێگەی کارتی "ماستەرکارد"ەوە کاریان کردووە،لەم هەڵمەتەدا دوو تۆمەتبار دەستگیرکراون و دەستیش گیراوە بەسەر ئامێری (POS) و کۆمەڵێک کارتی ئامادەکراو بۆ قاچاخچێتی.

لەلایەکی ترەوە لە پارێزگای کەرکوک، هێزەکانی ئاسایش توانیویانە تۆڕێکی شەش کەسی دەستگیر بکەن، و دەستبەسەر 251 کارتی ماستەرکارد و 252 سیمی کارتی پەیوەندیکردندا بگرن کە بۆ قاچاخچێتی دراوی بیانی بەکاریان هێناوە،هاوکات لە پارێزگای نەینەواش، کەسێک بە 100 هەزار دۆلاری ساختە دەستگیر کراوە.

لەلایەکی دیکەوە، لە بەغدا، هێزەکانی ئاسایشی نیشتیمانی،تۆمەتبارێکیان دەستگیرکردووە کە بڕێکی زۆری پارەیان پێبووە، بە جۆرێک بڕەکەی زیاتر لە یەک ملیار و 324 ملیۆن دیناری عێراقی و 256 هەزار دۆلاری ئەمریکی بووە.

هەروەها لە پارێزگای بەسڕەش، ئۆپەراسیۆنێکی دیکە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ساختەکاری ئەنجامدراوە، و بەگوێرەی ناوەرۆکی بەیاننامەکە : تۆڕێک لە ڕێگەی فەیسبووکەوە لاپەڕەی ساختەیان دروست کردووە و بانگەشەی فرۆشتنی"دۆلاری بەستوو" (Frozen Dollar)-یان بە نرخێکی هەرزان کردووە، بەڵام لە کاتی ڕێککەوتندا دراوی ساختەیان داوەتە هاووڵاتییان، و لەم ئۆپەراسیۆنەدا چوار تۆمەتبار بە تاوانی ساختەکاری و بەکارهێنانی فێڵ دەستگیرکراون و دەستیش گیراوە بەسەر نزیکەی 10 هەزار دۆلاری ساختەدا.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هاتووە : دەزگای ئاسایشی نیشتمانی ڕایگەیاندووە کە سەرجەم تۆمەتباران و کەلوپەلە دەستبەسەرداگیراوەکان ڕەوانەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراون بۆ ئەوەی ڕێکاری یاسایی پێویستیان بەرامبەر بگیرێتە بەر.