بەدواداچوون - INA
توێژینەوەیەکی زانستیی نوێ دەریخستووە کە لاوازبوون یان کەمبوونەوەی هەستی بۆنکردن، دەکرێت یەکێک بێت لە نیشانە سەرەتاییەکانی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی تێکچوونی مێشک (Neurodegenerative) وەک زەهایمەر و پارکینسۆن، کە ئەم نیشانەیە دەکرێت نزیکەی دەیەیەک پێش دەرکەوتنی نیشانە کلینیکییە دیارەکان دەربکەوێت.
بەپێی توێژینەوەکە، نزیکەی 90٪ی تووشبووانی نەخۆشی پارکینسۆن لە قۆناغە سەرەتایی، و 85٪ی تووشبووانی زەهایمەریش بەهەمان شێوە، بە کێشەی تێکچوونی هەستی بۆنکردن دەناڵێنن،ئەمەش گرنگی پشکنینەکانی بۆنکردن وەک رێگایەکی بەهێز بۆ دۆزینەوەی گۆڕانکارییەکانی تەندروستی مێشک لە قۆناغە زووەکاندا دەردەخات.
دەیڤید ڤانس،شارەزا و مامۆستای دەروونناسی لە زانکۆی "ئەلاباما" لە شاری بێرمینگهام، ئاماژەی بەوە کردووە کە کەمبوونەوەی بەرچاوی هەستی بۆنکردن نیشانەیەکە پێویستی بە بەدواداچوونی پزیشکی هەیە، چونکە ڕەنگە پەیوەندی بە ئەگەری تێکچوونی توانای هزری لە داهاتوودا هەبێت.
جەختیشیکردەوە کە کاریگەریی لەدەستدانی ئەم هەستە لەسەر کوالێتی ژیان،و زۆرجار لەوە زیاترە کە خەڵکی بیری لێدەکەنەوە.
لەبابەتی پەیوەندی مێشک و بۆنکردن
توێژەران جەختیان کردەوە کە هەستی بۆنکردن راستەوخۆ پەیوەندی بەو ناوچانەی مێشکەوە هەیە کە بەرپرسن لە هەستەکان و تێگەیشتن،وەک "هیپۆکامپەس" (Hippocampus) و "ئەمیگداڵا" (Amygdala)، ئەمەش ئەو پەیوەندیە بەهێزە رووندەکاتەوە کە لە نێوان هەستی بۆنکردن و بیرهێنانەوەی یادەوەری و هەستەکاندا هەیە.
هەروەک توێژینەوەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە هەڵسەنگاندنی هەستی بۆنکردن رەنگە وردتر بێت لە پێشبینیکردنی کەمبوونەوەی توانای هزری بەراورد بە هەستەکانی دیکە. ئەنجامە سەرەتاییەکان دەریانخستووە کە ڕاهێنانی بۆنکردن (Smell training) لە رێگەی تێکەڵبوون بە بۆنە جۆراوجۆرەکانەوە، دەکرێت یارمەتیدەر بێت بۆ بەهێزکردنی توانای مێشک (Brain plasticity) و باشترکردنی هەندێک لە کارە هزرییەکان، کە ئەمەش پێویستی بە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی زیاترە بۆ پشتڕاستکردنەوەی.


