بەغدا-INA
دەستەی چاودێری کۆمەڵایەتی لە عێراق ڕایگەیاند، ستراتیژیەتی حکوومەت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ خێزانە هەژارەکان گۆڕاوە و ئێستا ئامانجەکە تەنیا پێدانی مووچەی مانگانە نییە، بەڵکو گۆڕینی سوودمەندانە بۆ توێژێکی بەرهەمهێنەر لە ڕێگەی دۆزینەوەی هەلی کاری ڕاستەقینە و خستنەسەر کاریان.
ئەحمەد موسەوی، سەرۆکی دەستەی چاودێری کۆمەڵایەتی، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ئاشکرایکرد : لەدوای ئەوەی لە ساڵانی ڕابردوودا زیاتر لە 962هەزار خێزانی نوێیان زیاد کرد، ئێستا بەپێی بەرنامەی حکوومەت، ئامانجی کارکردن بەرەو "بەهێزکردن و بەپیشەییکردنی" ئەم خێزانانە گۆڕاوە، تا بتوانن بە قۆناغ لە لیستی چاودێری کۆمەڵایەتی دەربچن و ببنە خاوەن کار و داهاتی سەربەخۆ.
موسەوی،ڕوونیکردەوە : بە هەماهەنگی لەگەڵ بانکی نێودەوڵەتی و یەکێتی ئەوروپا، دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی بچووک کراوە کە وەک قۆناغی یەکەم قەزای "تاجی" لە بەغدا و قەزای "جەبایش" لە زیقار دەگرێتەوە.
بە وتەی سەرۆکی دەستەکە : ئەم پڕۆژانە بە تێچوویەکی بەرچاو و بە دابینکردنی پێداویستی و ڕاهێنان دەست پێدەکەن بۆ چەند هەزار خێزانێک، تاوەکو بتوانن بە شێوەیەکی پیشەیی و بەرهەمهێن کارەکانیان بەڕێوەببەن.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا ، موسەوی،جەختی کردەوە کە ئەم هەنگاوە تەنیا خۆی لە پێدانی مووچەدا نییە، بەڵکو لە ساڵی ڕابردوودا توانیویانە 62 هەزار خێزان لە ڕێگەی کەرتی تایبەت و پڕۆژە بچووکەکانەوە بخەنە سەر کار. ئاماژەی بەوەشدا : کە پلانیان هەیە لە داهاتوویەکی نزیکدا چەند هەزار خێزانێکی دیکەش لە ڕێگەی ئەم پرۆسەیەوە لە لیستی چاودێری کۆمەڵایەتی دەربکەن، بەتایبەت کە ڕاهێنان بەپێی یاسا بۆ سوودمەندان کراوە بە بابەتێکی ناچاری.

