میسان -INA

ئەمڕۆ هەینی، هاووڵاتییانی پەیڕەوی ئایینی سابیئەی مەندایی لە عێراق و جیهان، جەژنی گەورە (کەرصە)یان پیرۆز کرد، کە بە سەری ساڵی نوێی سابیئەی مەنداییەکان دادەنرێت و یەکێکە لە پیرۆزترین بۆنە ئایینییەکانیان، بە بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمە ئایینییەکان و نزا بۆ ئاشتی و ئارامی بۆ عێراق و جیهان.

فەرهان یەحیا بەدەن، پیاوی ئایینی

سابیئەی مەندایی، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: جەژنی گەورە گرنگترین بۆنەی ئایینی ئێمەیە، بە ئەنجامدانی ڕێوڕەسمی ئاوپڕژێنی (شۆردنەوە) دەست پێدەکات و دواتر 36 کاتژمێر مانەوە لە ماڵەوە (ئیعتیکاف) دێت، کە تێیدا پەیڕەوانی ئایینەکە لە چالاکییە دەرەکییەکان و نزیکبوونەوە لە ئاوی ڕووبارەکان دوور دەکەونەوە بەپێی باوەڕی تایبەتی ئەم بۆنەیە.

ئەم پیاوە ئایینیەی سابیئەی مەندایی ئاماژەی بەوەشکرد : ئەم جەژنە واتای سەرکەوتنی ڕووناکی بەسەر تاریکیدا دەگەیەنێت.

سەبارەت بەلایەنی کۆمەڵایەتیی بۆنەکە، سەباح شوێل کازم، ئەندامی ئەنجومەنی ڕۆحیی سابیئەی مەندایی، بۆ (INA) ڕوونیکردەوە کە ئەمساڵ ئاهەنگگێڕانەکان بەهۆی ڕێزگرتن لە مانگی محەڕەم سنووردار کراون، ئەوەش وەک دووپاتکردنەوەی ئەوەی کە سابیئەی مەنداییەکا بەشێکی ڕەسەنی کۆمەڵگەی عێراقین و هاوبەشی خەم و خۆشییەکانی وڵاتەکەیانن.

قاسم ماهود خەلاوی،یەکێکی دیکە لە پەیڕەوانی ئەم ئایینە،ئاماژەی بەوەشکرد : جەژنی گەورە ڕۆژی دروستبوونی جیهانی ماددییە بەپێی باوەڕی میندایی، هەروەها هەلێکە بۆ پێداچوونەوەی ڕۆحی و پتەوکردنی بەهاکانی خۆشەویستی و لێبوردەیی.

هەروەک لەو بۆنەدا کۆمەڵگەی سابیئەی مەندایی هیوای ئەوەیان خواست کە عێراق بە ئارامی و سەقامگیری بمێنێتەوە و خێر و خۆشی بۆ سەرجەم پێکهاتەکانی وڵات بەردەوام بێت.