بەغدا – INA

مستەفا جەبار سەنەد، وەزیری گەیاندن، ئەمڕۆ پێنجشەممە، فەرمانی دا بە سڕینەوەی سەرجەم ئەو قەرزە داراییانەی کە وەک شایستە لەسەر هاووڵاتییان بوون لە بەرامبەر خزمەتگوزاریی تەلەفۆنی زەمینیی کۆن.

لە ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی گەیاندندا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) نێردراوە ، تییدا هاتووە: "وەزیری گەیاندن بە یاوەریی بەڕێوەبەری گشتی، سەردانی کۆمپانیای گشتیی گەیاندن و زانیاریی (ITPC) کرد و لەوێ فەرمانی دا بە سڕینەوەی قەرزی تەلەفۆنی زەمینیی کۆنی هاووڵاتییان."

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، وەزیر فەرمانی کردووە بە ئاراستەکردنی نووسراو بۆ سەرجەم فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی دەوڵەت، تاوەکو "ئەستۆپاکی دارایی" تایبەت بەو قەرزانە هەڵبوەشێنرێتەوە؛ ئەمەش بە ئامانجی کەمکردنەوەی ڕۆتین و ئاسانکاری لە ڕاپەڕاندنی مامەڵەی هاووڵاتییاندا.

وەزیر ئاماژەی بەوەش کرد: "لە ئەنجومەنی بەڕێوەبردن ڕێککەوتووین کە ئەم بڕە پارانە لە ئەستۆی هاووڵاتییان نەمێنن و وەک قەرز لای کۆمپانیاکان بمێننەوە." جەختیشی کردەوە کە بڕیاری لێخۆشبوونەکە دوای سێ هەفتە لەم ڕێکەوتەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.