بەغداد - INA
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران عەلی فالح زەیدی، ئەمڕۆ چوارشەممە، جەختی لەسەر بەردەوامیی حکومەت کردەوە لە گۆڕینی ئابووریی عێراق بەرەو فرەچەشنی و هەمەجۆری، و دابینکردنی پڕۆژەی هاوچەرخ لەگەڵ پەرەسەندنی جیهانی بۆ سندوقی گەشەپێدان، لە ڕێگەی تیشکخستنە سەر ئابووریی دیجیتاڵی.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیران لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: "سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران عەلی فالح زەیدی، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە بە کاتی بەغداد، پێشوازی لە بن بلاک، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دامەزراوەی دارایی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی ئەمریکی (DFC) و شاندی هاوڕێی کرد، لە شوێنی مانەوەی خۆی لە واشنتنی پایتەختی ئەمریکا."
ئاماژەی بەوەشکرد: "لە دیدارەکەدا پێداچوونەوە بە دەرفەت و بوارە بەردەستەکانی هاوکاری نێوان عێراق و دامەزراوەی دارایی گەشەپێدان کرا، بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەکانی ئاوەدانکردنەوەی ژێرخان، و فراوانکردنی هاوبەشی لە دابینکردنی دارایی بۆ پڕۆژە و پلانە گەشەپێدەرەکانی ئابووری عێراق لە کەرتەکانی؛ وزە، گواستنەوە، کشتوکاڵ، ئابووری دیجیتاڵی و خزمەتگوزارییەکان، هەروەها تێپەڕین بۆ قۆناغی جێبەجێکردن و دەستپێکردنی ئەم پڕۆژانە."
بەپێی بەیاننامەکە، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە کاتی دیدارەکەدا ئاماژەی بە بەردەوامیی حکومەت کرد لە گۆڕینی ئابووریی عێراق بەرەو فرەچەشنی و هەمەجۆری، و دابینکردنی پڕۆژەی هاوچەرخ بۆ سندوقی گەشەپێدان کە لەگەڵ گەشەسەندنی جیهانیدا بگونجێت، ئەمەش لە ڕێگەی تیشکخستنە سەر ئابووری دیجیتاڵی، دروستکردنی دەروازە دیجیتاڵییە حکومییە گشتگیرەکان، فراوانکردنی خزمەتگوزارییەکانی پارەدانی ئەلیکترۆنی، دامەزراندنی سەنتەرە نیشتمانییەکان بۆ داتای تایبەتمەند، و وەبەرهێنان لە بواری ژیریی دەستکرد و ئاسایشی سیبرانیدا. هەروەها جەختی لە گرنگی بەشداریکردنی کۆمپانیا ئەمریکییەکان کردەوە لەم بوارانەدا بۆ خێراکردنی پرۆسەی گۆڕانی دیجیتاڵی.
لەلایەن خۆیەوە، بلاک ئامادەیی دامەزراوەی دارایی گەشەپێدانی نیشاندا بۆ چوونە ناو بازاڕی عێراقەوە بە حزمەیەک لە هاوبەشی دارایی بۆ پڕۆژە وەبەرهێنانەکان، و بەشداریکردن لە سندوقی گەشەپێدان، هاوکات پاڵپشتیکردنی کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە پلانەکانی هاوبەشیکردن لە پڕۆژەکانی سندوقەکە لە سەرجەم کەرتە گەشەپێدەرەکانی عێراقدا.


