بەغداد-INA

سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران عەلی فالح زەیدی، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە بە کاتی بەغدادی پایتەخت، لە واشنتنی پایتەختی ئەمریکا، لەگەڵ ژمارەیەک لە باڵیۆزانی پێشووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە عێراق کۆبووەوە.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیران لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: "لە دیدارەکەدا، گفتوگۆ لەسەر پەیوەندییەکانی عێراق و ئەمریکا و ڕێگاکانی پەرەپێدانی لە بوارە جیاجیاکاندا کرا، هاوکات تاوتوێی پەرەسەندنی بارودۆخی عێراق و ناوچەکە و گرنگی بەهێزکردنی هاوکارییە هاوبەشەکان کرا بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵات و گەلانی دۆست بکات."

سەرۆک وەزیران جەختیکردەوە: كە "عێراق هیوادارە پەیوەندییەکی هاوسەنگ و بەردەوام لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بنیاد بنێت، کە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش و ڕێزی یەکتری بێت." ئاماژەی بەوەشکرد کە: "حکومەت بەردەوامە لە جێبەجێکردنی بەرنامەکەی کە ئامانج لێی چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری، بەهێزکردنی سەروەری یاسا، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، و پاڵپشتیکردنی ڕێڕەوەکانی گەشەپێدان و چاکسازیی ئابوورییە."

هەروەها زەیدی گوێی لە دید و بۆچوونی باڵیۆزانی پێشوو گرت سەبارەت بە داهاتووی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە ژێر ڕۆشنایی شارەزایی و ئەزموونە دیپلۆماسییەکانیان لە عێراق، و جەختی لەسەر گرنگی سوودوەرگرتن لەم ئەزموونانە کردەوە بۆ بەهێزکردنی لێکتێگەیشتن و فراوانکردنی ئاسۆکانی هاوکاری نێوان هەردوو وڵات.