نێودەوڵەتی – INA

میدیاکانی ئێران، ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایانگەیاند کە چەندین پێگە لە باشووری ئێران ڕووبەڕووی هێرشی ئەمریکی بوونەتەوە، هاوکات لەگەڵ چالاککردنی بەرگرییە ئاسمانییەکان لە دەوروبەری وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر.

ئاژانسی (مێهر) بڵاویکردەوە کە دوورگەی قشم لە ڕێگەی موشەک یان کەرەستەی تەقەمەنی ئەمریکییەوە کراوەتە ئامانژ، لە کاتێکدا ئاژانسی (تەسنیم) ئاماژەی بەوە کردووە کە هێرشەکان هەردوو دوورگەی قشم و هەنغام و شاری بەندەر عەباسیان لە پارێزگای هورموزگان لە باشووری وڵاتەکە گرتووەتەوە.

لای خۆشیەوە، ئاژانسی (فارس) ئاماژەی بەوە داوە کە دەنگی چەندین تەقینەوە لە هەردوو شاری بومپور و چابەهار لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئێران بیستراوە.

هەروەها ئاژانسی (مێهر) چالاککردنی بەرگرییە ئاسمانییەکانی لە دەوروبەری وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر ڕاگەیاند، لە کاتێکدا ئاژانسی فەرمیی هەواڵی ئێران (ئیرنا) بڵاویکردەوە کە دەنگی تەقینەوەیەک لە دوورگەی هەنغام بیستراوە، پێش ئەوەی دواتر پشتڕاستی بکاتەوە کە تەقینەوەیەکی نوێ لە شاری بەندەر عەباس لە باشووری وڵاتەکە ڕوویداوە.