هەمەڕەنگ – INA
توێژەران لە ئوسترالیا گەیشتوونەتە ئەو دەرەنجامەی کە ئەنجامدانی ڕاهێنانی وەرزشی هۆکارێکی کاریگەرە بۆ پاڵپشتیکردنی ئەو جگەرەکێشانەی دەیانەوێت واز لە جگەرەکێشان بهێنن، چونکە بەشدارە لە کەمکردنەوەی ئارەزووی وەرگرتنی نیکۆتین و باشترکردنی هەلی ڕزگاربوون لەم خووە.
ئەنجامی توێژینەوەکە دەریخستووە ئەو کەسانەی پابەندن بە بەرنامە وەرزشییە بەردەوامەکانەوە، ڕێژەیەکی بەرزتر لە وازهێنان لە جگەرەکێشان بەدەست دەهێنن، یاخود لانی کەم بەراورد بە کەسانی تر، سەرکەوتوو دەبن لە کەمکردنەوەی ژمارەی ئەو جگەرانەی ڕۆژانە دەیانکێشن.
تیمی توێژینەوەکە لە زانکۆی ئەدێلاید ڕوونیان کردەوە کە تەنانەت تەنها یەک خولی ڕاهێنانی وەرزشیش توانای هەیە بۆ ماوەی ٣٠ خولەک دوای کۆتاییهاتنی ڕاهێنانەکە، ڕێگری لە ئارەزووی جگەرەکێشان بکات، ئەمەش چالاکیی جەستەیی دەکاتە ڕێگایەکی پراکتیکی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئارەزووی لەناکاوی نیکۆتیندا.
سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە، بێن سینگ، ئاماژەی بەوە کرد کە وازهێنان لە جگەرەکێشان یەکێکە لە گرنگترین هەنگاوەکان بۆ پاراستنی تەندروستی، بەڵام لە هەمان کاتدا تەحەددییەکی گەورەیە بۆ زۆرێک لە جگەرەکێشەکان. هاوكات گوتیشی کە بەرنامە باوەکانی وازهێنان هەمان دەرەنجامیان بۆ هەموو کەسێک نییە، ئەمەش دەخوازێت بەدوای چارەسەری نەرم و ئاساندا بگەڕێین کە لە ژیانی ڕۆژانەدا جێبەجێ بکرێن بەبێ پێویستی بە تێچووی دارایی زیاتر.
توێژەران لە دەرەنجامەکانیاندا پشتیان بە پێداچوونەوەی ٥٩ تاقیکردنەوەی کلینیکی بەستووە کە زیاتر لە ٩ هەزار کەس تێیدا بەشدار بوون، بە ئامانجی هەڵسەنگاندنی کاریگەریی ڕاهێنانی وەرزشی لەسەر هەوڵەکانی وازهێنان لە جگەرەکێشان.
داتاکان ئاشکرایان کردووە کە ئەنجامدانی وەرزش، ئەگەری دوورکەوتنەوە لە جگەرەکێشان بۆ ماوەی یەک هەفتە بە ڕێژەی ٢١٪ بەرز دەکاتەوە، هەروەها هەلی وازهێنانی یەکجارەکی بە ڕێژەی ١٥٪ زیاد دەکات.
هەروەها ئەنجامەکان ئەوەشیان دەرخستووە کە بەشداربووان ڕێژەی کێشانی ڕۆژانەیان بە نزیکەی دوو جگەرە کەم کردووەتەوە، لەگەڵ توانای وەرزش لە سنووردارکردنی نۆرەکانی ئارەزووی توندی کێشانی جگەرەدا.
لای خۆیەوە، توێژەر کارۆل ماهیر، کە پسپۆڕە لە زانستەکانی دانیشتووان و تەندروستیی دیجیتاڵی لە زانکۆی ئەدێلاید، جەختی کردەوە کە ئەم دەرەنجامانە پاڵپشتی لە تێکەڵکردنی چالاکیی جەستەیی دەکەن لە چوارچێوەی پلانە چارەسەرییە تەرخانکراوەکاندا بۆ یارمەتیدانی جگەرەکێشەکان لە بەرەنگاربوونەوەی ئارەزووی توندی کێشانی جگەرە و بەدەستهێنانی دەرەنجامی باشتر لەسەر مەودای درێژخایەن.
