نێودەوڵەتی – INA
ئاژانسی "بلۆمبێرگ" لە زاری داتاکانی چاودێریکردنی کەشتییەکانەوە بڵاویکردەوە، کە لە کاتژمێرە سەرەتاییەکانی بەیانی ئەمڕۆ سێشەممەدا، هاتووچۆی دەریاوانی لە گەرووی هورمز بە تەواوی پەککەوتووە و وەستاوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە وەزارەتی بەرگریی ئیمارات ڕایگەیاند کە هەردوو کەشتیی نەوتهەڵگری نیشتمانیی "مۆمباسا" و "ئەلباهییە" لە ڕێڕەوی باشووری گەرووی هورمز و لەناو ئاوە هەرێمییەکانی عوماندا، بە دوو مووشەکی کرووز کراونەتە ئامانج.
وەزارەتی بەرگری ئاماژەی بەوەش کردووە کە هێرشەکە بووەتە هۆی کوژرانی ئەندامێکی تیمی کەشتیی "مۆمباسا" کە ڕەگەزنامەی هیندییە، و برینداربوونی ٨ کەسی دیکە، کە برینی ٤ دانەیان سەختە. ڕوونیشیکردەوە کە بریندارەکان بریتین لە ٦ هیندی و دوو ئۆکرانی.
هەروەها ئهوهیش وت ئاگر لە هەردوو کەشتییەکەدا کەوتووەتەوە و زیانی ماددی پێگەیاندوون پێش ئەوەی کۆنترۆڵ بکرێت، و جەختیشی کردەوە کە ئیمارات مافی تەواوی خۆی دەپارێزێت بۆ وەڵامدانەوە و گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی ئاسایش، سەروەری و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی خۆی.
ئەمەش دوای ئەوە دێت کە سوپای ئەمریکا ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند، بۆ سێیەم شەو لەسەر یەک شەپۆلێکی نوێی گورزە سەربازییەکانی بۆ سەر ئێران کۆتایی پێهێناوە.
سەرچاوە: ئاژانسەکان
