هەمەڕەنگ – INA
کۆمپانیای گێگابایت (Gigabyte) دایەبۆردێکی (Motherboard) نوێی یەکگرتووی ڕاگەیاند، کە دیزاین کراوە بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەو پارچانەدا کاربکات کە کاراییەکی ناوازە بە کۆمپیوتەرەکان دەبەخشن.
دایەبۆردە نوێیەکە کە ناوی (B850M Aorus Stealth)ـە، بە قەبارەی (Micro-ATX) دێت و بە شێوەیەکی تایبەت جیادەکرێتەوە بە گواستنەوەی سەرجەم دەرچە سەرەکییەکانی وزە (کارەبا) بۆ بەشی پشتەوەی بۆردەکە، ئەمەش بە ئامانجی ئاسانکاری لە ڕێکخستنی کێبڵەکان و باشترکردنی دەرکەوتنی جوانیی سیستمەکە.
دایەبۆردەکە پشت بە بەستەری (ATX)ی ٢٤ دەرچەیی (24-pin) و بەستەری (EPS)ی ٨ دەرچەیی تایبەت بە چارەسەرکەر (پڕۆسێسەر) دەبەستێت. مۆدێلی (B850M Aorus Stealth) سیستمی دابینکردنی وزەی (VRM)ی ١٢ قۆناغی (8+2+2) بەکاردەهێنێت، هەروەها چوار دەرچەی (DIMM)ی بۆ بیرگەی (DDR5) تێدایە، لەگەڵ دەرچەیەکی (PCIe 5.0) بۆ کارتەکانی گرافیک، و دوو دەرچەی (M.2) بۆ هاردەکانی جۆری (NVMe) (یەکێکیان PCIe 5.0 و ئەوی تریان PCIe 4.0 کە هەردووکیان لە ڕێگەی چارەسەرکەرەکەوە کار دەکەن). لە پاڵ ئەمانەشدا، دەرچەیەکی سێیەمی (M.2 PCIe 4.0) هەیە کە لەسەر چیپسێتی (AMD B850) کاردەکات، هەروەها دایەبۆردەکە دوو دەرچەی (SATA III)یشی تێدایە (بە خێرایی ٦ گێگابایت لە چرکەیەکدا).
بەشی پشتەوەی دایەبۆردەکە چوار دەرچەی (USB 3.2 Gen 1 Type-A) (بە خێرایی ٥ گێگابایت لە چرکەیەکدا)، چوار دەرچەی (USB 2.0)، و دوو دەرچەی (USB 3.2 Gen 2) (بە خێرایی ١٠ گێگابایت لە چرکەیەکدا: یەکێکیان Type-A و ئەوی تریان Type-C) لەخۆدەگرێت. بەشی پێشەوەشی دوو دەرچەی (USB 3.2 Gen 1) (بە خێرایی ٥ گێگابایت لە چرکەیەکدا) و دەرچەیەکی (USB 3.2 Gen 2x2 Type-C) (بە خێرایی ٢٠ گێگابایت لە چرکەیەکدا) لەخۆدەگرێت.
بۆ پەیوەندیی هێڵەکانی ئینتەرنێت و پەیوەستبوون، دایەبۆردەکە بە یەکەی (Realtek RTL8922AE) تەیارکراوە کە پشتگیری لە (Wi-Fi 7) و (Bluetooth 5.4) دەکات، لەگەڵ کۆنترۆڵکەری (Realtek RTL8126) بۆ هێڵە کێبڵییەکان (تەلییەکان) بە خێرایی ٥ گێگابایت لە چرکەیەکدا. کارەکانی دەنگیش لە ڕێگەی کۆدکەری (Realtek ALC1220 HDA)ـەوە بەڕێوەدەچێت.
سەرچاوە: ئاژانسەکان


