بەغدا - INA
ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی نەوت، بەردەوامبوونی جێبەجێکردنی دیدگای حکومەتی بۆ سوودوەرگرتنی گونجاو لە نەوت و غاز دووپاتکردەوە، بە جۆرێک کە پێداویستییە ناوخۆییەکان دابین بکات و بڕی هەناردەکردن و داهاتەکانی گەنجینەی گشتی بەهێز بکات، هاوكات نەخشەی گرێبەستەکان لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکان و ئەو دەرفەتانەی لە گفتوگۆکانی واشنتندا دەخرێنە ڕوو ئاشکرا کرد.
وتەبێژی فەرمیی وەزارەتەکە، سەلیم ڕیکابی، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕایگەیاند: "وەزارەت بەردەوامە لە جێبەجێکردنی دیدگای حکومەت کە ئامانج لێی سوودوەرگرتنی گونجاوە لە نەوت و غاز، بە جۆرێک کە پێداویستییە ناوخۆییەکان دابین بکات و بڕی هەناردەکردن و داهاتەکانی گەنجینەی گشتی بەهێز بکات".
ئاماژەی بەوەشکرد کە "ئەم هەنگاوانە لەسەر بنەمای ڕێنماییەکانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران دێن بۆ بانگهێشتکردنی کۆمپانیا جیهانییە باوەڕپێکراوەکان، بەتایبەتی ئەمریکی و ئەوروپییەکان، بۆ وەبەرهێنان لە کەرتی نەوت و غازدا".
ئەوەشی خستە ڕوو کە "وەزارەت دانوستاندنی لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی پسپۆڕدا کردووە، لە پێشەنگیشیاندا کۆمپانیای شیڤرۆن، کە یەکێکە لە کۆمپانیا جیهانییەکان لە بواری نەوت و غازدا، بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی پەرەپێدانی چەند کێڵگەیەکی نەوتی، لەوانە کێڵگەکانی بەلەد و ناسریە، لەپاڵ پڕۆژەکانی تایبەت بە بۆرییەکانی گواستنەوەی نەوتی خاو بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیا پسپۆڕەکانی ئەمریکی و قەتەریدا، کە هێڵەکانی (بەسرە – حەدیسە)، (کەرکووک – جیهان)، و (حەدیسە – بانیاس) دەگرێتەوە".
تیشکی خستە سەر ئەوەش کە "چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەیەکی نزیکدا ڕێوشوێنەکانی بەستنی گرێبەست و ئامادەکردنی توێژینەوە تەکنیکی و ئابوورییەکانی تایبەت بەم پڕۆژانە کۆتاییان بێت".
ڕیکابی ڕوونی کردەوە کە "وەزارەت کۆمەڵێک گرێبەستی دیکەشی لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکانی دیکەدا واژۆ کردووە، لەوانە هالیبێرتۆن بۆ پەرەپێدانی هەردوو کێڵگەی بن عومەر و سیندباد، و کۆمپانیای (HKN) بۆ پەرەپێدانی کێڵگەی حەمرین".
جەختیشی کردەوە کە "پەرەپێدانی ئەم کێڵگانە و پڕۆژە ستراتیژییەکانی تایبەت بە بۆرییەکانی گواستنەوەی نەوت، ڕەنگدانەوەی ئەرێنییان دەبێت لەسەر زیادکردنی توانای بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی عێراق"، ئاماژەی بەوەشکرد کە "ئەم پڕۆژانە لە ناو ئەو دۆسیانەدا دەبن کە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، بە هاوڕێیەتی وەزیری نەوت و چەند وەزیر و بەرپرسێکی حکومی، لەمیانی سەردانە چاوەڕوانکراوەکەیدا بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تاووتوێیان دەکات".
