بەغدا – INA
ئەمڕۆ دووشەممە، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مەسروور بارزانی، دەستگیرکردنی چەند تۆمەتبارێکی گەندەڵی و ڕادەستکردنیان بە بەغدا ڕاگەیاند، لەپاڵ دەستبەسەرداگرتنی 358 کیلۆگرام زێڕدا، جەختیشی کردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە هاوکاری لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی.
نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا کە دەستی ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) کەوتووە، ئاماژەی بەوەشکردووە: "لە چوارچێوەی هاوکاری و هەماهەنگیی بەردەوامی نێوان سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، عەلی فالح زەیدی، و سەرۆکی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مەسروور بارزانی، و لایەن و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان لە هەریەک لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیدا، بارزانی ڕێنمایی داوە بە وەزارەتی ناوخۆ و دامەزراوەکانی ئەنجومەنی ئاسایش لە هەرێم بۆ کارکردن شانبەشانی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکومەتی فیدراڵیدا بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و لێپرسینەوە لە بەرپرسانی گەندەڵکار".
ڕاگەیەندراوەکە ڕوونی کردووەتەوە کە "لە ئەنجامی هاوکاریی نێوان هەردوولا، و لە چوارچێوەی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و پاراستنی دارایی گشتیدا، ڕێوشوێنی یاسایی بەرامبەر بە بەرپرسانی گەندەڵکار گیراوەتەبەر و دەستگیرکراون، هەروەها بڕە پارەیەکی زۆر و زێڕ و موڵک و ماڵ بۆ گەنجینەی گشتی گەڕێنراونەتەوە".
تێیدا هاتووە کە "لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستاندا 358 کیلۆگرام زێڕی دەستبەسەرداگیراویان ڕادەستی دەستەی فیدراڵیی عێراقی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی کردووە".
کوتايی بە ڕاگەیەندراوەکە هاتووە بە دووپاتکردنەوەی ئەوەی کە "حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە هاوکاری لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، و سنووردارکردنی بەفیڕۆدانی سەرچاوە گشتییەکان، لەپاڵ بەهێزکردنی دەستپاکی و سەروەریی یاسادا".

