بەغدا - INA

ئەمڕۆ یەکشەممە،دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، ئاماری چالاکییەکانی خۆی لەو ماوەیەی کە ئەرکی چاودێریکردنی دەروازە سنوورییەکان و بازگەکانی پێ سپێردراوە خستەڕوو، ڕاشیگەیاند کە لە ماوەی تەنها مانگێکدا 137 بارهەڵگری خۆراکی قەدەغەکراویان دەستبەسەردا گرتووە.

ئەرشەد حاکم، وتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ڕایگەیاند: بەپێی ڕێنماییەکانی سەرۆک وەزیران لە 18 ی حوزەیرانی 2026، دەستمان بە ئەرکی پاراستنی دەروازە سنوورییەکان و بازگەکان کردووە و پلانێکی خێرامان بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە دارشتووە.

وتەبێژی دەزگاکە ئاماژەی بەوەشکرد کە ئامانج لەو هەنگاوە، ڕێکخستنەوەی کارەکان و کەمکردنەوەی فەراغە ئەمنییەکانە، بەتایبەت لە ڕووبەڕووبوونەوەی دیاردەی قاچاخچێتی. هەر بەگوێرەی قسەکانی ئەرشەد حاکم،تۆمارەکان لە مانگی ڕابردوو بەم شێوەیەی خوارەوە بوون:

▪️دەستبەسەرداگرتنی 137 بارهەڵگر: ئەو بارهەڵگرانە لە بازگەکانی شاری بەغدا دەستگیر کراون و باری خۆراکی قەدەغەکراویان پێ بووە.

▪️دەروازە سنوورییەکان: زیاتر لە 20 بارهەڵگری سەرپێچیکار دەستیان بەسەردا گیراوە.

▪️12هەوڵی دیکەی قاچاخچێتی بەتەواوی پووچەڵ کراونەتەوە.

ئەرشەد حاکم ، ئاشکراشیکرد : کە تیمەکانیان چەندین جۆر سەرپێچییان ئاشکرا کردووە کە لەلایەن قاچاخچییەکانەوە ئەنجامدراون، لەوانە: ساختەکردنی بەڵگەنامە فەرمییەکان و گۆڕینی زانیارییەکانی شۆفێران و ژمارەی ئۆتۆمبێلەکان، هەروەها خۆدزینەوە لە باج و هەوڵدان بۆ تێنەپەڕین بە خاڵە گومرگییەکان.

هەروەک بەلاڕێدابردنی جۆری کەلوپەل و گۆڕینی وەسفی کەلوپەلەکان (وەک گۆڕینی وەسفی کشتوکاڵی بۆ پیشەسازی) بە مەبەستی گۆڕینی نرخ و خۆدزینەوە لە باج، ئەوە جگە لە کێشی نایاسایی بە هەبوونی جیاوازی لە کێشی بارەکاندا.

لە کۆتایی قسەکانیدا وتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی جەختی کردەوە کە سەرجەم ئەو سەرپێچیانە بە سەرپەرشتی دەسەڵاتی دادوەری ڕەوانەی نزیکترین بنکەی گومرگی و بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەکان دەکرێن بۆ ئەوەی ڕێکاری یاسایی پێویستیان بەرامبەر بگیرێتە بەر، هەروەها بەشێک لە کەیسەکان بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتر دەگەڕێنرێنەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکانی ناو دەزگای ئاسایشی نیشتمانی.