نێودەوڵەتی – INA

سوپای پاسدارانی ئێران، ئەمڕۆ یەکشەممە، داخستنی گەرووی هورمزی تا ئاگادارکردنەوەیەکی تر ڕاگەیاند، ئەمەش دوای هەوڵی چەند کەشتییەک بۆ گەشتکردن لە ڕێڕەوێکی ڕێگەپێنەدراودا، و هاوێشتنی بەرپرسیارێتی تێکچوونی دۆخی ئەمنیی ناوچەکەش بۆ سەر دەستێوەردانە دەرەکییەکان.

سوپای پاسداران لە بەیاننامەیەکدا کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) بەدواداچوونی بۆ کردووە، ڕایگەیاندووە:"دەستێوەردانی دەرەکی لە دیاریکردنی ڕێڕەوی کەشتییەکان لە ناو گەرووی هورمزدا دەبێتە هۆی گرتنەبەری ڕێوشوێنی یەکلاکەرەوە"، ئاماژەی بەوەش کردووە کە چەند کەشتییەک هۆشدارییەکانیان پشتگوێ خستووە و هەوڵیان داوە لە ڕێڕەوێکی ڕێگەپێنەدراودا گەشت بکەن، سەرەڕای داواکاری لێیان بۆ ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوەکەیان و پابەندبوون بەو ڕێڕەوەی کە پەسەندکراوە.

ئه‌وه‌یشی خستووەتەڕوو، کە یەکێک لە کەشتییەکان، دوای پەکخستنی سیستمەکانی، ئەمنی دەریایی خستووەتە مەترسییەوە و تەقەی هۆشداری لێکراوە، ئەمەش بووەتە هۆی ڕاگرتنی.

بەیاننامەکە جەختی کردووەتەوە: "لەبەر ڕۆشنایی ناسەقامگیری دۆخی ئەمنی کە بەهۆی دەستێوەردانی دەرەکیی نایاساییەوە کەوتووەتەوە، بڕیاردرا بە داخستنی گەرووی هورمز تا ئاگادارکردنەوەیەکی تر، و تا کۆتاییهاتنی دەستێوەردانەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، و ڕێگە بە چوونەژوورەوەی هیچ کەشتییەک نادرێت بۆ تێپەڕبوون لەم گەرووەوە."

سوپای پاسداران هەڕەشەی وەڵامدانەوەی "بەهێز"ی کرد لە ئەگەری ئەنجامدانی هەر هێرشێکی نوێ بۆ سەر ئێران، و دووپاتی کردەوە کە "بارەگا نوێیەکانی دوژمن لە ناوچەکەدا" دەکاتە ئامانج؛ هاوکات ئەو وڵاتانەشی کە ڕێگەیان داوە – بەپێی بەیاننامەکە – بە هاتنی "دوژمنی ئەمریکی-سەهیۆنی" بۆ سەر خاکەکەیان، بە بەرپرسیاری لێکەوتەکانی ئەم کارە دانا.