بەغداد – INA
ئەنجومەنی وەزیران لە ماوەی کۆبوونەوەی خۆیدا کە ئێوارەی ڕۆژی شەممە بە سەرۆکایەتی سەرۆک وەزیران عەلی زەیدی بهسترا، چەند بڕیارێکی دەرکرد؛ تێیدا ئەنجومەن بڕیاریدا بە سنووردارکردنی سەرجەم دەسەڵاتەکانی ئەنجومەنە وەزارییەکان، و هاوکات لەگەڵ پەسەندکردنی پلانی کشتوکاڵی هاوینەی 2026، ڕەزامەندی نیشاندا لەسەر گۆڕینی شوێنی چەند بەڕێوەبەرێکی فەرمانگەکانی تەندروستی لە پارێزگاکاندا.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیران لەراگەیندراوەكەدا كه بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی(INA) نێردراوه تێیدا هاتووه :"سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران عەلی فالح زەیدی، ئێوارەی ڕۆژی شەممە، سەرۆکایەتی دەیەمین کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی کرد، کە تێیدا تاوتوێی دۆخی گشتی وڵات و چەندین مەلەفی گرنگ کرا کە لە چوارچێوەی کارنامەی چاکسازی حکومەتدان، ئەمە جگە لە وتووێژکردن لەسەر بابەتەکانی سەر خشتەی کار و دەرکردنی بڕیار و ڕاسپاردەی پێویست لەسەریان."
له راگهیندراوهكهدا ئهوهیش هاتووه کە بە ئامانجی ڕێکخستنی کاری حکومی، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا بە: کورتکردنەوە و سنووردارکردنی دەسەڵاتەکانی سەرجەم ئەنجومەنە وەزارییەکان تەنها لە پێشکەشکردنی ڕاسپاردە بە ئەنجومەنی وەزیران، بەبێ ئەوەی مافی دەرکردنی هیچ بڕیارێکیان هەبێت.
لەسەر کەرتی کشتوکاڵیش، ڕەزامەندی درا لەسەر پلانی کشتوکاڵی هاوینەی پەسەندکراو بۆ وەرزی 2026 لەسەر ئاستی پارێزگاکان (جگە لە هەرێمی کوردستان). لە هەمان چوارچێوەدا، ئەنجومەنی وەزیران ڕەزامەندی نیشاندا لەسەر هەڵوەشاندنەوەی بڕگەی (هەشتەم) لە بڕیارەکەی ژمارە (247ی ساڵی 2026)، سەبارەت بە دواخستنی دانەوەی شایستە داراییەکانی کرێی ئاودێری کە لەسەر ئەستۆی جوتیارانە بۆ بەرژەوەندی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکان.
لە نێو هەوڵەکانی حکومەتیش بۆ چاکسازی دارایی و کارگێڕی، ئەنجومەنی وەزیران دەنگی دا لەسەر پەسەندنەکردنی بەخشینی مۆڵەتی وەبەرهێنان بە پڕۆژەی نیشتەجێبوونی وەبەرهێنانی (بیسان) لە پارێزگای نەینەوا، لەگەڵ تاوتوێکردنی ئەگەری گواستنەوەی خاوەندارێتی زەوییەکە بۆ سەر وەزارەتی دارایی.
سەبارەت بە چاکسازی دامەزراوەییش، ئەنجومەن دەنگی دا لەسەر ڕەزامەندیدان بە گۆڕینی شوێنی چەند بەڕێوەبەرێکی فەرمانگەکانی تەندروستی لە پارێزگاکاندا، هۆکارەکەشی بەخشییە بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بۆ هەبوونی دەسەڵاتی گۆڕینی شوێن، گواستنەوە، و جێگرتنەوەی بەڕێوەبەرە گشتییەکان و ئەوانەی لە پلەی ئەواندان لە سەرجەم دامەزراوە حکومییەکاندا، ئەمەش بەپێی پێشنیاری وەزیر یان سەرۆکی ئەو لایەنەی کە بە وەزارەتەوە بەستراو نییە.
راگهیندراوهكه ئاماژەی بەوەش کردووە، لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ تەواوکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان، ڕەزامەندی درا لەسەر ڕاستکردنەوەی بڕی یەدەگ بۆ پێکهاتەی پڕۆژەی (گۆڕهپانی مهواكیب) لەگەڵ جێبەجێکردنی یەکتربڕی پردی ڕێگای بەغداد لەگەڵ ڕێگای حور کەمالییە- قۆناغی یەکەم، و زیادکردنی تێچووی گشتی پێکهاتەکە.
لە کۆتاییدا، ئەنجومەنەکە ڕەزامەندی نیشاندا لەسەر بەدەرکردنی پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوەی چەند مەزارگەیەکی ئاینی لە پارێزگاکانی (نەجەفی ئەشرەف، کەربەلای پیرۆز، و دیالە) لە بەندی (شەشەم)ی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (1128ی ساڵی 2025)، و هەروەها لە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (325ی ساڵی 2026).



