هەمەڕەنگ – INA

پزیشکان جەختیان کردەوە کە ئەو باوەڕە باوەی دەڵێت خواردنەوەی ئاو ڕاستەوخۆ دوای نانخواردن دەبێتە هۆی تووشبوون بە بەدخەرۆیی باکردنی سک یان زیادبوونی کێش، بنەمایەکی زانستی نییە؛ ئاماژەیان بەوەش کردووە کە ئاو نەک هەر زیان بە کۆئەندامی هەرس ناگەیەنێت، بەڵکو یارمەتیشی دەدات بۆ ئەنجامدانی فەرمانەکانی بە شێوازێکی باشتر.

پزیشکان ڕوونیان کردەوە کە گەدە توانای ڕێکخستنی دەردانی ترشەڵۆک و ئەنزیمە هەرسکەرەکانی هەیە بەپێی بڕ و جۆری خواردنەکە، بۆیە خواردنەوەی ئاو لە کاتی ژەمەکەدا یان دوای ئەوە، نابێتە هۆی لاوازکردنی ترشەڵۆکە هەرسکەرەکان و پرۆسەی هەرس پەکناخات، بەڵکو بەشدار دەبێت لە شێدارکردنی کۆئەندامی هەرس و ئاسانکردنی مژینی ماددە خۆراکییەکان.

هەروەها پزیشکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئاو ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە نەرمکردنی خۆراک و پاڵپشتیکردنی جوڵەی ڕیخۆڵەکان، بەتایبەتی لە کاتی خواردنی ئەو خۆراکانەی کە دەوڵەمەندن بە ڕیشاڵ (الألياف). لە بەرامبەردا، کەم خواردنەوەی شلەمەنییەکان ڕەنگە ببێتە هۆی خاوبوونەوەی پرۆسەی هەرس و زیادبوونی مەترسی تووشبوون بە قەبزی.

سەبارەت بە باکردنی سک ، پزیشکان جەختیان کردەوە کە هۆکارەکانی زۆرجار پەیوەندییان بە زۆرخۆری، بەپەلە نانخواردن یان خواردنی ئەو خۆراکانەوە هەیە کە دەبنە هۆی دروستبوونی غازات، نەک بە خواردنەوەی ئاوەوە. ئاماژەیان بەوەش کرد کە خواردنەوەی بڕێکی زۆر لە ئاو بەیەکجار، ڕەنگە هەستێکی کاتی بە تێربوون ببەخشێت، بەڵام هۆکارێکی ڕاستەوخۆ نییە بۆ باکردنی سک. هاوکات بوونی هەر بەڵگەیەکی زانستییان ڕەتکردەوە کە خواردنەوەی ئاو دوای ژەمەکان بە زیادبوونی کێش یان خاوبوونەوەی پرۆسەی میتابۆلیزم ببەستێتەوە، و ڕوونیان کردەوە کە ئاو خاڵییە لە کالۆری و ڕەنگە یارمەتیدەریش بێت لە بەرزکردنەوەی هەستی تێربوون، ئەمەش پاڵپشتی کۆنترۆڵکردنی کێش دەکات.

پزیشکان ئەوەشیان خستەڕوو کە پلەی گەرمی ئاوەکە کاریگەرییەکی ئەوتۆ ناکاتە سەر پرۆسەی هەرس، هەرچەندە هەندێک کەس پێیان باشە ئاوی شلەتێن یان هاوتای پلەی گەرمی ژوور بخۆنەوە، بەتایبەتی ئەوانەی کە بەدەست هەستیاریی گەدەوە دەناڵێنن.

لە کۆتاییدا، پزیشکان جەختیان کردەوە کە هەستکردن بە قورسی یان بەدخەرۆیی دوای ژەمەکان، زۆرجار بەهۆی زۆرخۆری یان بەپەلە نانخواردنەوەیە، و ئامۆژگاری دەکەن کە خۆراک بە باشی بجورێت، ژەمەکان بە هێمنی بخورێن، و پەیڕەوی لە سیستەمێکی خۆراکی هاوسەنگ بکرێت، لەگەڵ گرنگیدان بە خواردنەوەی بڕی پێویست لە ئاو لە ماوەی ڕۆژدا بۆ پاراستنی تەندروستی کۆئەندامی هەرس.