نەرمین موفتی
کاتێک باس لە سامانی دەوڵەت دەکرێت، بە شێوەیەکی ئاسایی بیرکردنەوەکان بۆ بەرهەمی ناوخۆیی، یەدەگی نەختینەیی و سەرچاوە سروشتییەکان دەچن؛ ئەمانە پێوەرە سەرەکییەکانی تێگەیشتنن لە هێزی ئابووری. بەڵام سامانێکی دیکە هەیە کە لە ڕاپۆرتە بانکییەکاندا دەرناکەوێت، کەچی لە نەوت و زێڕ پێکەوە بەهاداترە، ئەویش "متمانەی هاووڵاتی"یە.
ئەم متمانەیە تەنها چەمکێکی مەعنەوی و تیۆری نییە، بەڵکو سەرمایەیەکی ڕاستەقینەیە کە توانای دەوڵەت بۆ سەرکەوتن دیاری دەکات. ڕەنگە مەترسیدارترین شت کە ڕووبەڕووی هەر دەوڵەتێک ببێتەوە، کورتهێنانی دارایی نەبێت، بەڵکو کورتهێنانی "ڕەسیدی متمانە" بێت. پارە و دارایی دەکرێت قەرەبوو بکرێتەوە، بەڵام لەدەستدانی متمانە قەیرانێکە پەل بۆ هەموو جومگەکانی ژیان دەهاوێژێت. بەگوێرەی پێوەرە جیهانییەکان، ئەو دەوڵەتانەی متمانەی تێدا دەخورێت، بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی تووشی ڕاکردنی سەرمایە، بەرزبوونەوەی خۆدزینەوە لە باج و کۆچی بەتواناو لێهاتووان دەبن؛ چونکە نەبوونی متمانە، هەموو بڕیارێکی حکومی دەخاتە ژێر پرسیار و گومانەوە.
گۆڕینی متمانە لە هەستێکی مەعنەوییەوە بۆ بەهایەکی ماددی، بزوێنەری ڕاستەقینەی سەقامگیرییە. یاسا و ڕێساکان، هەرچەندە ورد بن و لەلایەن پسپۆڕانەوە داڕژابن، بە مەرەکەبی سەر کاغەز دەمێننەوە ئەگەر کۆمەڵگە دانپێدانانێکی ئارەزوومەندانەیان پێ نەبەخشێت. کاتێک متمانە نامێنێت، ئەوەی ئابووریناسان پێی دەڵێن "تێچووی مامەڵەکان" بەرز دەبێتەوە؛ دەوڵەت ناچار دەبێت سەرچاوە و بودجەیەکی زەبلاح بۆ دەزگاکانی چاودێری، ڕاوەدوونان و وردبینی خەرج بکات تەنها بۆ ئەوەی خەڵک ناچار بکات پابەندی یاسا بن، لە کاتێکدا هاووڵاتی لەو دۆخەدا لەبری پاراستنی سیستەمەکە، دەبێتە بینەرێکی نەرێنی کە چاوەڕێی داڕمانی دەکات.
لە بەرامبەردا، ئاستی بەرزی متمانە، تۆڕێکی نادیاری ئاسایشی کۆمەڵایەتی دروست دەکات کە ملیۆنان دۆلار بۆ دەوڵەت دەگەڕێنێتەوە؛ چونکە هانی وەبەرهێنانی ناوخۆیی دەدات، پاشەکەوتکەران هاندەدات پارەکانیان لە ناو شەرایینە نیشتمانییەکاندا بهێڵنەوە و هاووڵاتی خۆیشی دەبێتە پارێزەری یاسا و دامەزراوەکان. متمانە ئەو بزوێنەرە نادیارەیە کە نەرمی و خێرایی بە حکومەتەکان دەبەخشێت بۆ مانۆڕکردن لە کاتی قەیرانە کتوپڕەکاندا. مێژوو دەیسەلمێنێت کە گەلان دەتوانن بەرگەی ڕێکاری ئابووریی زۆر سەخت بگرن ئەگەر متمانەیان بە پاکی و دادپەروەریی بڕیاردەر هەبێت. مالیزیای نەوەدەکان و ئەزموونی سینگاپووری ساڵی ١٩٦٥ باشترین نموونەن؛ سینگاپوور بەبێ هیچ سەرچاوەیەکی سروشتی و تەنها لە ڕێگەی بونیادنانی "ڕەسیدی متمانە" و سەروەریی یاساوە، بووە یەکێک لە دەوڵەمەندترین ئابوورییەکانی جیهان.
گەڕاندنەوەی متمانە بە کۆنگرە و کۆنفرانس دروست نابێت، بەڵکو لە ڕێگەی ئەزموونی ڕۆژانەوە بونیاد دەنرێت؛ کاتێک هاووڵاتی مامەڵەکەی بەپێی یاسا ڕایی دەکرێت نەک واستە و کاریگەری، و کاتێک دەبینێت ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان لە دۆسیەکانی گەندەڵیدا بەسەر هەموواندا و بێ جیاوازی جێبەجێ دەکرێت. ئەو کاتەی هاووڵاتی دەبینێت پێوەری لێهاتوویی و دەسپاکی تاکە بلیتە بۆ وەرگرتنی پۆستەکان، و لێپرسینەوە "هێڵی سوور" و "کاریگەری سیاسی" ناناسێت، ئەو کاتە کۆمەڵگە بەرگی گومان دادەکەنێت و لە بینەرێکی حەزەرکەرەوە دەبێتە هاوبەشێکی ڕاستەقینە کە شانی دەخاتە ژێر شانی دەوڵەت بۆ بونیادنانی پاشەڕۆژ.
هەندێک دەوڵەت سامانیان نییە، بەڵام متمانەی گەلەکەیان هەیە و قەیرانەکان تێدەپەڕێنن؛ لە بەرامبەردا دەوڵەتانێک هەن خودا هەموو سەرچاوەیەکی پێ بەخشیون، بەڵام گرنگترین ڕەسیدی خۆیان کە متمانەیە، بەفیڕۆ داوە.
ڕەنگە نەوت سامانی هەرە گەورەی عێراق بێت و نرخەکەشی بەرز و نزم بکات، بەڵام متمانە تەنها سامانێکە کە لە ناخی زەوییەوە دەرناهێنرێت، بەڵکو لە "ویژدانی دەوڵەت"دا بونیاد دەنرێت. متمانە ئەو سامانەیە کە حکومەتەکان نە دەتوانن بە قەرز بیهێنن و نە دەتوانن قەرەبووی بکەنەوە. ئەگەر خەزێنەکانی دەوڵەت پڕ بن لە ملیاران دۆلار، بەڵام دڵی خەڵک لە متمانە خاڵی بێت، هیچ زیادەیەکی دارایی بەس نییە بۆ بونیادنانی نیشتمان.
