کۆمیتەی مافی مرۆڤی یەکێتی لاوانی دیموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، تەنها لەماوەی نۆ ڕۆژی مانگی حەوتدا، دە گەنجی کورد لە ئێران لە سێدارە دراون و دوو کۆڵبەریش کوژراون، جگە لەوەی پانزە گەنجیش لە شارە جیاوازەکان دەستگیرکراون، کە بەشێکیان تەمەنیان لە خوار هەژدە ساڵەوەیە.

ئەمڕۆ 9ی مانگی حەوتی 2026، کۆمیتەی مافی مرۆڤی یەکێتی لاوانی دیموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە پێشێلکاریەکانی ڕژێمی ئێران بەرامبەر بە کورد لە ئێران لە مانگی حەوتدا بڵاو کردەوە، لە ڕاپۆرتەکەدا کەدا کە وێنەیەکی بۆ دەنگی ئەمەریکا نێردراوە، ئاماژە بە پێشیلکاریەکانی مافی مرۆڤ، لە لەسێدارەدان و کوشتن و دەستبەسەرکردن دەکات. بە پێی ئامارەکانی ڕاپۆرتەکە، پێشێلکاریەکی گەورەی مافی مرۆڤ بەرامبەر بە کورد لە ئێران ئەنجامدراوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە،" دە لاوی کورد بە تۆمەتی جۆراو جۆر لە سێدارە دراون، جێگای ئاماژەیە کە دادگاییکردنی ئەم بەندکراوانە لە کەشێکی نادادپەروەرانەدا بووە و بەبێ کۆتاچاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان لەسێدارە دراون."

هەروەها ئاماژە بەوەش دەکات،" لەم مانگەدا دوو کۆڵبەر کوژراون و دوو کۆڵبەری دیکەش بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندار کراون."

لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا ناسنامەی کۆڵبەرە کوژاوو بریندارەکان ئاشکرا کراون کە بەم جۆرەیە،" لە بانە کۆڵبەرێک بە ناوی موتەلیب خەیبەری، لە نەوسوود کۆڵبەرێک بە ناوی وەزیر ڕەحیمی تەمەن 57 ساڵ. کۆڵبەرێکی دیکە لە بانە بە ناوی ئاکۆ ساڵحی و کۆڵبەرێک لە مەریوان بە ناوی محەممەد نادری."

کۆمیتەکە، کە دەڵێت لە ئامادەکردنی ڕاپۆرتەکەیاندا، پشتی بە سەرجەم ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی کوردستان بەستووە، نیگەرانی خۆی لە بەرامبەر دۆخی ژیانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەربڕیوە دەڵێت،" وەک کۆمیتەی مافی مرۆڤی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، نیگەرانیی جیددیی خۆمان سەبارەت بە لەسێدارەدان و ڕەشبەگیری و کوشتنی کۆڵبەران لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ڕادەگەیەنین."