بەغدا – INA

ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، وێنەی ئەو ١٤ ملیار دینارە نوێیەی بڵاوکردەوە کە لە چوارچێوەی دۆسیەی گەندەڵیی بریکاری دەستگیرکراوی وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری پاڵاوتن (عەدنان جومەیلی) و ئەو لایەنانەی لەگەڵیدا تێوەگلاون، دەستی بەسەردا گیراوە.

لە ڕاگەیەندراوێکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریدا، کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) نێردراوە، ئاماژە بەوە کراوە: "ئەم بڕە پارەیە لەناو یەکێک لەو چاڵانەی کە بۆ ئاوەڕۆی باران ئامادە کرابوون، شاردرابووەوە."

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن تاوەکو دەست بەسەر تەواوی ئەو کەسانەدا بگیرێت کە لەم دۆسیەیەدا دەستیان هەبووە.