سەرۆکی ئەمەریکا دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەی لوتکەی ناتۆ لە ئەنقەرە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ساز کرد، تێیدا ئاماژەی دا بەو دەستکەوتانەی لە میانی گفتوگۆی سەرکردەکان بەدی هاتوون.

سەرۆک دۆناڵد ترامپ ڕایگەیاند، "کۆبوونەوەیەکی لوتکەیی زۆر سەرکەوتووانەمان لێرە لە تورکیا تەواو کرد. دەمەوێت سوپاسی سەرۆک ئەردۆغان بکەم کە پیاوێکی زۆر مەزنە."

ترامپ ڕایگەیاند زۆربەی وڵاتانی ئەندامی ناتۆ بە داواکاری ئەمەریکا ڕازی بوون بۆ زیادکردنی بودجەی بەرگرییان لە 2٪ بۆ 5٪، جگە لە یەک دوو وڵات "کە هەست دەکەم ئەوانیش ڕازی دەبن."

سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، "وڵاتانی ئەندام سەرووی یەک تریلیۆن دۆلار بۆ خەرجی بەرگری دابین دەکەن، ئەمەش بڕێکی زۆری پارەیە. سەرەتا 1٪ـی بودجەیان لە بەرگری ناتۆ خەرج دەکرد، من پێم کردن بە 2٪ و دواتر ویستم بیکەن بە 5٪."

ترامپ کەشی کۆبوونەوەکانی سەرکردەکانی ناتۆی بە ئەرێنی ناوبرد و وتی "هەموویان وڵاتی خۆیان زۆر خۆش دەوێت و ڕێزی ئەمەریکا دەگرن."

سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی دا بەوەی کۆمپانیای لۆکهید مارتن و چەند کۆمپانیایەکی تری ئەمەریکایی گرێبەستێکی بەرگرییان واژۆ کردووە بە بەهای سێ ملیار دۆلار. ڕایگەیاند ئەمەریکا لە بواری درۆنی سەربازی لە پێشەوەی هەموو وڵاتاندایە. هەروەها گوتی کۆمپانیای ئەمەریکایی ئاندرول هەڵدەستێت بە دروستکردنی مووشەکی باراکودا بۆ پۆڵەندا. "هەموو ئەم گرێبەستانە خزمەتی پیشەسازی بەرگری ئەمەریکا دەکەن و بە مانای هەلی کاری زیاتر دێن."

سەبارەت بە ئێران، ترامپ گوتی "دڵنیا نیم لەوەی بمەوێت لەگەڵیان ڕێکبکەوم، با کارەکە تەواو بکەین."

سەرۆک ترامپ ڕایگەیاند ئەو لە ڕیزی پێشەوەی ئەو کەسانەدایە کە ڕژێمی ئێران دەیەوێت بیانکوژێت. جەختی کردەوە لەوەی هەنگاوەکانی لە دژی ڕژێمی ئێران بۆ بەرژەوەندی ئەمەریکا و تەواوی جیهانە.