هەولێر – INA - ئیڤان ناسر
سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند: حکومەتی فیدراڵی بڕی ١٠٠ ملیۆن دۆلاری بۆ پاڵپشتیکردنی کەرتی تەندروستی لە هەرێم تەرخانکردووە، ئاماژەی بەوەشکرد: بەشە هەرە زۆرەکەی ئەو پارەیە بۆ پاڵپشتیکردنی نەخۆشانی شوشتنی گورچیلە تەرخان دەکرێت.
بەرزنجی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی وتی:"دوایین سەردانمان بۆ بەغدادی پایتەخت، ڕێککەوتنێکی لێکەوتەوە بۆ تەرخانکردنی زیاتر لە ١٠٠ ملیۆن دۆلار بۆ کەرتی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان."
راشیگەیاند: "بەشێکی زۆری ئەم پارەیە بۆ پاڵپشتیکردنی نەخۆشانی شوشتنی گورچیلە تەرخان دەکرێت، جیا لەوەش ئەو بودجەی دەمێنێتەوە بۆ پەرەپێدانی پڕۆژە تەندروستییە جۆراوجۆرەکان لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێم بەکاردەهێنرێت."
ئەوەشی خستەڕوو: "ئەم تەرخانکردنە داراییە لە کاتێکدایە کە وەزارەتی تەندروستی هەرێم ڕووبەڕووی فشارێکی دارایی گەورە بووەتەوە،" ڕوونیشیکردەوە: "وەزارەتی تەندروستی مانگانە بڕە پارەیەکی زەبەلاح کە دەگاتە ملیارەها دینار خەرج دەکات، بەتایبەتی لە دابینکردنی دەرمانی نەخۆشییە درێژخایەنەکان و شێرپەنجە."
لە کۆتاییدا وتی: "توێژی نەخۆشانی سستی گورچیلە هەمیشە رووبەرووی ئاستەنگێکی مرۆیی و پزیشکی گەورە بووە، بەو پێیەی ژمارەیان لە هەرێمی کوردستان سێ هەزاری تێپەڕاندووە و بە بەردەوامی پشت بە ئامێرەکانی شوشتنی گورچیلە دەبەستن کە تێچووی چارەسەرەکەیان زۆر بەرزە؛ ئەمەش گرنگی ئەم تەرخانکردنە داراییە نوێیە نیشان دەدات لە سوککردنی ناڕەحەتییەکانی ئەم توێژە و دابینکردنی پێداویستییە چارەسەرییەکانیان."


