ماری ئەندرسن، هەرچەندە ژنێک بوو لە بواری زانست و تەکنۆلۆجیا کاری نەدەکرد، بەڵام سیستمی وڵاتەکەی ئەو هەلەی بۆ ڕەخساند بیرۆکەیەک کە لە هزریدا دروستبوو وەک داهێنانێک تۆماری بکات و بۆ هەتا هەتایە ناوی بچێتە ڕیزی داهێنەرە مەزنەکانەوە.

ماری لە ساڵی 1866 لە شارۆچکەی گرینی ویلایەتی ئەلەباما لە دایکبوو و لە تەمەنی چوار ساڵی باوکی کۆچی دوایی دەکات، دایکی خۆی و خوشکەکەی بەرەو شاری بێرمینگھام دەبات و لەوێ بەو سامانەی لە هاوسەرەکەیەوە بۆی بەجێمابوو هەردوو کچەکەی پەرەوەردە دەکات.

ڕۆژگار دێت و دەڕوات و ماری دەبێتە ژنێکی کارداری ئەمەریکایی کە خاوەنی موڵک و زەوی و زارێکی زۆر دەبێت. لە زستانی ساڵی 1902 سەردانێکی شاری نیویۆرک دەکات و لەوێ ڕۆژێک کە بەفر دەباری سواری ترام دەبێت، سەرنج دەدات زوو زوو شۆفێرەکە دەوەستێت و دەچێت بەفری سەر جامی پێشەوەی ترامەکە لادەبات. لەوێدا بیرۆکەی داهێنانی فڵچەی جامی بۆ دێت و هەر لەگەڵ گەڕاندنەوەی بۆ بێرمینگھام بیرۆکەکەی جێبەجێ دەکات و لە ساڵی 1903 وەک داهێنانێک بە ناوی ئامێری پاککردنەوەی جام "Window Cleaning Device" بە ژمارەی 743,801 لە دەزگای داهێنانەکانی ئەمەریکا تۆماری دەکات.

ماری هەوڵی دا بازاڕ بۆ داهێنانەکەی پەیەدا بکات، بەڵام هیچ کۆمپانیایەک داهێنانەکەی پەسەند نەدەکرد، گوایە ئەو فڵچەیە شۆفێر سەرقاڵ دەکات و ڕەنگە ڕووداوی لێبکەوێتەوە، بۆیە ماری هیچ سوودێکی دارایی لە داهێنانەکەی نەکرد.

لە ساڵی 1920، ئەم داهێنانە بوو بە موڵگی گشتی، ئەوەش بەپێی یاسای ئەو سەردەمە کە داهێنەران هەتا ماوەی 17 ساڵ بۆیان هەبوو خاوەنی داهێنانەکانیان بن، بەڵام دوای ئەو ماوەیە دەبنە موڵگی گشتی.

بەڵام داهێنانەکە بە زیندوویی مایەوە و لە ساڵی 1922 کۆمپانیای ئۆتۆمبیلی کادیلاک دەستیکرد بە دانانی فڵچەی پاککردنەوەی جام بۆ ئۆتۆمبیلەکانی. پاشان بە دوایدا کۆمپانیاکانی دیکەی ئۆتۆمبیل هەمان کاریان کرد.

ئەم داهێنانە هەر تەنیا بۆ ئۆتۆمبیل سوودی لێنەبینرا، بەڵکو بۆ شەمەندەفەر و فڕۆکە و کەشتیش بەکاردەهێنرێت.

ماری ساڵی 1953 لە تەمەنی 87 ساڵی کۆچی دوایی کرد و هیچ منداڵێکی نەبوو یادی بکاتەوە، چونکە هاوسەرگیری نەکردبوو، بەڵام بۆ هەمیشە ناوی بە زیندوویی دەمێنێتەوە و جیهان پێزانینی بۆ داهێنانەکەی دەبێت.

ئێستا ماری ئەندرسن لە مۆزەخانەی داهێنەرانی ئەمەریکا ناوی خراوەتە ڕیزی داهێنەرە ناودارەکانی ئەمەریکا.

دەزگای تۆمارکردنی داهێنانەکانی ئەمەریکا کە لە ساڵی 1790 وە دامەزراوە، هەتا ئێستا بە ملیۆنان داهێنانی تۆمارکردووە و بەپێی ڕاگەیاندنەکانی ئەو دەزگایە، ساڵانە زیاتر لە 300 هەزار داهێنانی نوێ تۆماردەکات.

سەرچاوەکان/

ڕادیۆی گشتی نیشتمانی ئەمەریکا

هۆڵی داهێنەرە ناودارەکانی ئەمەریکا

ئینسایکلۆدپیدیای ئەلەباما