لاوێکی مەدەنی لە شاری مەهاباد لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی سەر بە رژێمی ئێران گیانی لەدەست دا و چەند کەسی دیکەش بریندار بوون.
بەپێی سەرچاوە خۆجێیەکان، ڕۆژی چوارشەممە، یەکی مانگی حەوت، کاتژمێر 8ـی ئێوارە، هێزەکانی ئاسایشی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران لە مەهاباد هێرشیان کردووەتە سەر کۆمەلێک گەنج. لە ئەنجامی ئەو ڕووداوەدا، هاووڵاتییەک بە ناوی سیاوەش ئەلەک کوژرا و چەند کەسی دیکەش بریندار بوون.
بەپێی ئەو سەرچاوانە، دوای ڕووداوەکە، دۆخی مەهاباد ئاڵۆزی تێکەوتووە و هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش لە ناو شارەکەدا بڵاوەیان پێ کراوە.
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی کوژرانی سیاوەش ئەلەک، ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی مەهاباد چوونەتە بەر دەرگای نەخۆشخانەی شار و ناڕەزایەتی و تووڕەیی خۆیان بەرامبەر ئەو رووداوە پیشان داوە.
لەلایەکی ترەوە، حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕاگەیەنراوێکدا، وێڕای پشتڕاست کردنەوەی هەواڵەکە، داوای لە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە تایبەتی خەڵکی مەهاباد، کردووە کە لە بەرانبەر "دەستدرێژی و ئەزیەت و ئازاری" هێزەکانی ڕژێم بێدەنگ نەبن و بە یەکگرتوویی بووەستنەوە.
