بەغداد - INA
فراكسیۆنی پەرلەمانی بەدر، ئەمرۆ چوارشەممە، پشتگیری تەواوی خۆی بۆ ڕێکارە دادوەری و حکومییەکان لە بەدواداچوونی دۆسیەکانی گەندەڵی و لێپرسینەوە لە تێوەگلاوان دووپاتکردەوە، و ئاماژەی بەوەشکرد: بەرەنگاربوونەوەی ئەم پەتایە ئەولەوییەتێکی نیشتمانییە.
وتەبێژی فراكسیۆنەكە پەرلەمانتار حامید عەباس موسەوی، لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: " فراكسیۆنی پەرلەمانی بەدر جەخت لەسەر پشتگیری تەواوی خۆی دەکات بۆ ئەو ڕێکارانەی کە دەسەڵاتی دادوەری عێراق و حکومەت دەیگرنەبەر لە بەدواداچوونی دۆسیەکانی گەندەڵی و لێپرسینەوە لە تێوەگلاوان، ئەمەش لە سۆنگەی بەرپرسیارێتی نیشتمانییەوە بۆ پاراستنی دامەزراوەکانی دەوڵەت و چەسپاندنی سەروەری یاسا."
موسەوی وتیشی: "بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ئەمڕۆ ئەولەوییەتێکی نیشتمانییە کە گرنگییەکەی کەمتر نییە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر"، ئاماژەی بەوەشکرد: "گەندەڵی ڕووەکەی تری تیرۆرە، چونکە هەردووکیان دەوڵەت دەکەنە ئامانج، شکۆی لاواز دەکەن، سامانی گەل بەفیڕۆ دەدەن و ڕێگری لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و سەقامگیری دەکەن."
وتیشی: "ئەگەر تیرۆر هەوڵی وێرانکردنی نیشتمانەکان بدات بە چەک، ئەوا گەندەڵی کاردەکات بۆ فرۆشتن و لاوازکردنی لە ناوەوە، بێهێزکردنی دامەزراوەکانی و زەوتکردنی مافی هاوڵاتیانی."
بەیاننامەکە داوای کرد کە "بە توندی بەردەوام بن لە جێبەجێکردنی ڕێکارە یاساییەکان بەدوور لە هەر فشارێک یان ڕەچاوکردنی سیاسی، و دڵنیابوون لەوەی کە لێپرسینەوەکە گشتگیر و دادپەروەرانە بێت و پشت بە بەڵگە و یاسا ببەستێت، بە شێوەیەک کە متمانەی هاوڵاتیان بە دامەزراوەکانی دەوڵەت بەهێز بکات و جەخت لەسەر ئەوە بکاتەوە کە هیچ کەسێک لە سەرووی یاساوە نییە."
فراكسیۆنی بانگەوازی خۆی بۆ سەرجەم هێزە سیاسی و نیشتمانییەکان نوێکردەوە بۆ "پشتیوانیکردنی هەوڵەکانی دەسەڵاتی دادوەری، دەزگاکانی چاودێری و حکومەت لەم جەنگە نیشتمانییەدا"، و جەختیکردەوە: کە "بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی کۆڵەکەی سەرەکییە بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێکی بەهێز و دادپەروەر کە توانای بەدیهێنانی هیوا و خواستەکانی کۆمەڵانی خەڵکی عێراقی هەبێت."

