بەغداد – INA

سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، عەلی فالح زەیدی، ئەمڕۆ سێشەممە، ڕێنمایی دا بە دانانی میکانیزمێکی گشتگیر و تەواوکار بۆ ڕێکخستنی زیاره‌تی ئەربەعینیه‌ ئیمام حوسێن و هاوەڵانی (سەلامی خوایان لێبێت).

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیران لەراگەیندراوەكەدا كه‌ بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی(INA) نێردراوه‌ تێیدا هاتووه‌ : "سەرۆک وەزیران عەلی فالح زەیدی، ئەمڕۆ سێشەممە، سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی فرەوانی لیژنەی خزمەتگوزاریی سەردانە ملیۆنییەکانی کرد، و لە میانی کۆبوونەوەکەدا پێداچوونەوە بە ئامادەکارییە خزمەتگوزارییە تایبەتەکان بە زیندووکردنەوەی یادی چله‌ی ماته‌مینی (زیاره‌تی ئەربەعینیه‌ )ئیمام حوسێن و هاوەڵانی (سەلامی خوایان لێبێت) کرا، کە تێیدا پارێزگای کەربەلای پیرۆز شاهیدی هاتنی ملیۆنان سەردانکەر دەبێت لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق".

بەپێی راگه‌یندراوه‌كه‌، زەیدی، جەختی لەسەر پێویستیی ئەوە کردەوە کە سەردانی ئەمساڵ لە ڕووی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و دەستەبەرکردنی نەرمی و ئاسانیی هاتوچۆی زیاره‌تكه‌ران لە ساڵانی ڕابردوو جیاواز و دیار بێت، هاوکات ئاماژەی بە گرنگیی خوێندنەوەی واقیعی مەیدانی و دەستنیشانکردنی پێداویستییە داواکراوەکان کرد، جگە لە دەرخستنی شکۆ و هەیبەتی دەوڵەت، بە شێوەیەک کە ڕەنگدانەوەی سەرکەوتنی حکومەت بێت و متمانەی هاوڵاتییان بە ئەدای حکومەت بەهێزتر بکات.

سەرۆک وەزیران ڕێنمایی دا بە دانانی میکانیزمێکی گشتگیر بۆ ڕێکخستنی زیاره‌تی ئەربەعینیه‌، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەستە بە مەلەفی گواستنەوە و گەڕانەوەی پێچەوانەی زیاره‌تكه‌ران، لە ڕێگەی دابینکردنی ژمارەی پێویست لە ئۆتۆمبێل بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرجەم وەزارەت، دەستە و حکومەتە خۆجێییەکانی پارێزگاکاندا، هاوشانی دابینکردنی هەموو خزمەتگوزارییە پێویستەکان بۆ موکەبە حوسێنییەکان وەک کارەبا، سووتەمەنی و خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان، و هەروەها بایەخدان بە خزمەتگوزاریی پەیوەندییەکان و ڕێکخستنی لایەنە ڕاگەیاندنەکان .

هەروەها ڕێنمایی بە دەروازە سنوورییەکان دا بۆ ڕێکخستن و ئاسانکاریی هاتنی سەردانکەرانی عەرەب و بیانی بۆ ناو عێراق، بە شێوەیەک کە هەوڵەکانی حکومەت دەربخات و وێنەیەکی ئەرێنی بۆ وڵاتەکەمان ڕەنگ پێ بدات.