هەمەڕەنگ – INA
لێکۆڵینەوەیەکی زانستی دەریخستووە کە بەردەوامبوون لەسەر ئەنجامدانی وەرزشەکانی هێز (ڕاهێنانی بەهێزکردنی ماسولکەکان) لە تەمەنی ناوەڕاستدا، بەشدار دەبێت لە کەمکردنەوەی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشیی شەکرە لە جۆری دووەم بە ڕێژەیەک کە دەگاتە ٤٢ لەسەد.
تیمێکی توێژینەوەی نێودەوڵەتی، کە توێژەرانی کۆلێژی پزیشکی لە زانکۆی "ژێجیانگ"ی چینی، کۆلێژی "هارڤارد تی. ئێچ. چان" بۆ تەندروستیی گشتی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، و زانکۆی "یۆنسێ"ی کۆریای باشووری لەخۆگرتبوو، بەدواداچوونیان بۆ باری تەندروستیی زیاتر لە ١٤٣ هەزار کەسی پێگەیشتوو لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کردووە لە ماوەی ١٩ ساڵدا.
ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکە ئاماژەیان بەوە کردووە کە ڕاهێنانەکانی بەرگری ، کە ئەو چالاکییانەن ماسولکەکان ناچار دەکەن لە دژی هێزێکی دەرەکی گرژ ببنەوە، بە شێوەیەکی بەرچاو بەشدارن لە کەمکردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە شەکرە لە جۆری دووەم.
داتاکان دەریانخستووە ئەو کەسانەی لە هەفتەیەکدا لانی کەم بۆ ماوەی دوو کاتژمێر وەرزشەکانی هێز ئەنجام دەدەن، مەترسیی تووشبوونیان بەم نەخۆشییە بە ڕێژەی ٢٧ لەسەد کەم دەبێتەوە بە بەراورد بەوانەی ئەنجامی نادەن، لە کاتێکدا سوودەکەی بەرز دەبێتەوە بۆ ٤٢ لەسەد لە لای ئەو کەسانەی کە بە ڕێکپێکی لە تەمەنی ناوەڕاستیاندا بەردەوام دەبن لەسەر ئەنجامدانی.
هەروەها توێژەران گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە گەورەترین ئاستی خۆپاراستن لای ئەو کەسانە بەدی دێت کە وەرزشەکانی هێز و وەرزشە هەواییەکان (ئایرۆبیک) پێکەوە کۆدەکەنەوە، هاوشانی کەمکردنەوەی ڕەفتارە تەمبەڵییەکان (دانیشتنی زۆر)، وەک دانیشتن بۆ ماوەی درێژ یان تەماشاکردنی تەلەڤزیۆن.
پزیشکی پسپۆڕی ڕژێنە ناوخۆییەکان ، شیرین یاجی، کە بەشداریی لە لێکۆڵینەوەکەدا نەکردووە، ڕایگەیاندووە کە بەردەوامبوون لەسەر ئەنجامدانی وەرزش لەسەر مەودای درێژ، ڕەنگە زۆر گرنگتر بێت لە ماوەی خودی ڕاهێنانەکە.
ئهوهیش وت: "جا ڕاهێنانەکە نیو کاتژمێر بخایەنێت یان کاتژمێرێک یان دوو کاتژمێر، ئەوا گرنگترین شت دەستپێکردن و بەردەوامبوونە لەسەری بە شێوەیەکی ڕێکوپێک".
توێژەران داوایان کردووە کە وەرزشەکانی هێز بخرێنە ناو ڕێوشوێنە خۆپارێزییەکانەوە کە ئامانجیان کەمکردنەوەی مەترسیی تووشبوونە بە نەخۆشیی شەکرە، و جەختیان لەسەر گرنگیی تێکەڵکردنیان لەناو شێوازی ژیانی تەندروستدا کردووەتەوە.


