دوو پەرلەنتاری کورد لە بەغداد جەخت دەکەنەوە کە لیستەکەی سەرۆک وەزیران بۆ بنەبڕکردنی گەندەڵی لە عێراق کوردیشی تێدایە، دەشڵێن، تەنها ژمارەی ناولیستەکە زیاترە لە هەزار کەس و دوای دانپێدانانی دەستگیرکراوەکانیش بە دڵنیاییەوە ژمارەکە زیاتر دەبێت.
مازن غەریب، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" لیستەکە زیاترە لە هەزار کەس و بە دڵنیاییەوە کوردیشی تێدایە، بۆ ئەم هەڵمەتە سەرۆک وەزیران پشتی بە ئەمەریکا بەستووە، لە ئێستاشدا بەهۆی سەرقاڵی ئێران بە کێشە ناوخۆییەکانیەوە دۆخێکی گونجاو بۆسەرۆک وەزیران ڕەخساوە دەست ببات بۆ ئەم دۆسیەیە."
هەرچەندە تا ئێستا بە فەرمی ناوی هیچ بەرپرسێکی کورد بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام دکتۆر ڕێبوار کەریم ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای وت،" ئەوەی ئێمە لەلامانە کاربەدەستانی کورد لە ناو حکومەت و دامەزراوەکان تێوەگلاون و لە لیستەکەدا هەن، بەڵام تا ئێستا ناوەکان نازانین کێن."
هەرچی مازن غەریبە جەختی لەوە کردەوە،" لە هەموو جومگەکان و لە ئاستی هەموو بەرپرسیارێتیە جیاوازەکان لە دۆسیەی گەندەڵی تێوەگلاون، لە بەرزترین ئاستی بەرپرسیارێتی حکومی و پەرلەمانتار و وەزیر و هەتا کەسانی مەدەنی و بازرگان."
ماوەی چەند ڕۆژێکە عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق هەڵمەتێکی "گەورە"ی دەستگیرکردنی ئەوکەسانەی ڕاگەیاندووە کە تێوەگلاون لە پرسی گەندەڵی لە عێرقدا، بۆ ئەمەش لیستێکی ناوی ئەو کەسانەی ئامادەکردووە و شەوی ڕابردووش ئۆپەراسیۆنێکی فراوانی چڕو پڕی لە گەڕەکە جیاوازەکانی بەغداد دەستپێکرد و بەو هۆیەشەوە ژمارەیەکی بەرچاو لە بەرپرس و پەرلە مانتار و ڕاوێژکار دەستگیرکران.
ئەمڕۆ 28ی مانگی شەش دەستەی دەستپاکی فیدراڵی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە،" هەڵمەتی دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی گەندەڵی بەرھەمی یەکخستنی ھەوڵە ھاوبەش و تەواوکارییەکانی نێوان ھەرسێ دەسەڵاتی دادوەری، جێبەجێکردن و یاسادانانە لەگەڵ ھەوڵەکانی دەستەکە، کە ڕاستەوخۆ بووەتە ھۆی جێبەجێکردنی ئەو فەرمانانە، ئەوەش دەرەنجامی بەدواداچوون و وردبینی و چاودێریی بەردەوامی لایەنە پەیوەندیدارەکانن."
دەستەکە دەشڵێن،" لە ئەنجامی هەڵمەتەکی ئەمڕۆدا دەستکەوتی گەورەمان هەبووە."
میدیای فەرمی حکومەتی عێراق ڕایگەیاند،" لەم قۆناغەدا 47 پەرلەمانتار و بەرپرسی عێراقی بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکراون."
فراوانبوونی هەڵمەتی دەستگیرکردنی بەرپرسانی تێوەگلاو لە پرسی گەندەڵی، دوای دەستگیرکردنی هەریەکە لە بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سەڵاحەدین و عەدنان جومەیلی بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوتی عێران دێت، مازن غەریب لەو بارەیەوە وتی،" وادەردەکەوێت، عەدنان جومەیلی دانپێدانانی دژی هەموو ئەوانە کردووە کە لە گەندەڵی تێوەگلاون، بۆیە ئەم ژمارەیە زۆر زیاتر دەبێت و خەڵکی تریش دەگرێتەوە."
وتیشی،" هێزێکی گەورەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بە هەموو شارەکاندا بڵاوبوونەتەوە و ئەمڕۆش ئەو هێزە گەشتنە کەرکوک، بە مەبەستیجێبەجێکردنی بڕیاری دادگا."


