بەغداد –INA
ئەمڕۆ یەکشەممە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، جەختی کردەوە کە یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە ئاگربەست لە هەموو بەرەکانی جەنگ بەتایبەت لوبنان لەخۆدەگرێت، ئاماژەشی بەوە کرد کە ئامانجی سەردانەکەی سوپاسکردنی عێراقە لەبەر پشتیوانییەکانی و هەماهەنگی لەگەڵ بەغداد بۆ داڕشتنی میکانیزمێک بۆ بەڕێکردنی تەرمی سەید عەلی خامنەیی لە شوێنە پیرۆزەکانی عێراق .
عێراقچی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ فوئاد حسێن ، وەزیری دەرەوە، کە پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ئامادەی بوو، وتی: یەکەم ئامانجی سەردانەکەم بۆ بەغداد، سوپاسکردنی حکومەت و گەلی عێراقە، چونکە سەردانەکەم بۆ بەغداد لە دۆخێکی تایبەتدا دێت و حکومەتی عێراق هەڵوێستی گرنگی هەبووە لە ئیدانەکردنی ئەو دەستدرێژییەی کراوەتە سەرمان، جەختیشی کردەوە لە سووربوونی وڵاتەکەی لەسەر بەردەوامبوون لە هاریکاری لەگەڵ حکومەتی عێراق لە بوارە ستراتیژییەکاندا.
هەروەک وتی: یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە ئاگربەست لە سەرجەم بەرەکانی جەنگ بەتایبەتی لوبنان لەخۆدەگرێت،و جەختیشی کردەوە لە پێویستیی وەستاندنی هێرشەکانی (ئیسرائیل) لە لوبنان، و کشانەوە لەو ناوچانەی کە داگیریان کردووە لە لوبنان، و ئەمەش بەرپرسیارێتی حکومەتی ئەمریکایە.
لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی: نابێت هیچ لایەنێک دەستوەردان لە بەڕێوەبردنی گەرووی هورمزدا بکات، گەرووی هورمز لەژێر بەڕێوەبردنی ئێرانە و دوای لابردنی بەربەستەکان دۆخەکە بۆ دۆخی پێشووی دەگەڕێتەوە و ڕوونیشیکردەوە کە هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی لە کاری گەرووی هورمزدا نییە و هەر شتێکی جگە لەوە پێچەوانەی یاداشتی لێکتێگەیشتنە لەگەڵ واشنتۆن.
ئاماژەی بەوەشکرد : کە فوئاد حسێنی وەزیری دەرەوەی عێراق لە پێشهاتەکانی گفتوگۆکان لەگەڵ واشنتۆن و دۆسیەی هورمز ئاگادار کردووەتەوە،و هەروەها سوپاسی عێراقی کرد بۆ هەڵوێستە باشەکانی لە پشتیوانیکردنی گەلی ئێران.
لە کۆتایی قسەکانیدا ئەوەشی وت : کە ئامانجێکی دیکەی سەردانەکە هەماهەنگییە لەگەڵ بەغداد بۆ داڕشتنی میکانیزمێک بۆ مەراسیمی بەڕێکردنی تەرمی شەهید سەید عەلی خامنەیی لە شوێنە پیرۆزەکان لە عێراق.
