قاهیرە – INA – ئەحمەد محەمەد ساڵح

ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران، حەبیب حەلاوی، ئەمڕۆ شەممە جەختی کردەوە لەسەر بوونی کۆدەنگی و ئیدانەکردنێکی بەربڵاوی عەرەبی دژی ئەو دەستدرێژییە ئیسرائیلییانەی کە وڵاتانی ناوچەکە دەکەنە ئامانج، توندیشی کردەوە لەسەر ڕەتکردنەوەی پەرلەمانە عەرەبییەکان بۆ هەر دەستوەردان یان زیان گەیاندنێک بە سەروەری وڵاتان.

حەلاوی لە پەراوێزی بەشداریکردنی لە کارەکانی هەشتەمین کۆنگرەی پەرلەمانی عەرەبی و سەرۆکی ئەنجومەن و پەرلەمانە عەرەبییەکان کە لە بارەگای ئەمینداریەتی گشتی کۆمکاری عەرەبی لە قاهیرە بەڕێوەدەچێت، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: "کۆنگرەکە هەڵوێستێکی یەکگرتووی عەرەبی به‌خۆیه‌وه‌ بینی بۆ سەرکۆنەکردنی دەستدرێژییە بەردەوامەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتانی ئیسلامی، بەتایبەتی دژی ئێرانـی دراوسێ"، ڕوونیشیکردەوە کە "بەشداربووان ڕەتکردنەوەی بێ ئەملاولای خۆیان بۆ ئەم دەستدرێژییانە ڕاگەیاند و بە پێشێلکارییەکی زەق و بەزاندنی سەروەری دەوڵەتانیان دانا."

هه‌روه‌ها ئه‌وه‌یش وت: "شاندە پەرلەمانییەکان تاوتوێی کۆمەڵێک دۆسیەی زیندوویان کرد، کە لە پێشەنگیاندا دۆسیەی فەلەستین بوو، کاتێک جەخت لەسەر مافی گەلی فەلەستین کرایەوە لە دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ و خاوەن سەروەری خۆیان کە پایتەختەکەی قودسی شەریف بێت"، ئاماژەی بەوەشکرد کە "هەمووان ڕێککەوتن لەسەر پێویستی بەردەوامبوون و چڕکردنەوەی پاڵپشتی سیاسی و مرۆیی بۆ دۆسیەی فەلەستین."

حەلاوی، کە هاوشانی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران هەیبەت حەلبووسی و ژمارەیەک لە ئەندامانی پەرلەمانی عێراق بەشداری لە کۆنگرەکەدا دەکات، بەردەوام بوو لەسەر ئەوەی کە "کۆبوونەوەکان شایەتی پێشکەشکردنی چەندین پێشنیازی گرنگ بوون کە ئامانجیان یەکخستنی هەوڵە هاوبەشەکانی عەرەبییە لە بوارەکانی ئاسایشی ئەلیکترۆنی (سیبرانی)، ئاسایشی خۆراک، و هاوکاری ئابووریدا."

ئەم پەرلەمانتارە تیشکی خستە سەر ئەوەی کە "ئەم پێشنیازانە لە ماوەی ڕۆژانی داهاتوودا دەخرێنە ژێر گەنگەشە و گفتوگۆی چڕوپڕەوە، تا گەیشتن بە داڕشتنی دیدگایەکی یەکگرتووی عەرەبی کە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵەنگارییە جیاوازەکانی هەبێت و سنوورێک بۆ دەستوەردانی دەرەکی لە کاروباری عەرەبیدا دابنێت."