بەغدا-INA

نزار ئامیدی، سەرۆک کۆماری عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند کە پێویستە لە ڕاپەڕینەکەی ئیمام حوسێنەوە وانە وەربگرین بۆ بەردەوامبوون لە پرۆسەی بونیاتنانی دەوڵەت و چەسپاندنی دادپەروەری.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆمار لە ڕاگەیەندراوێکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) نێردراوە، ڕایگەیاند: "نزار ئامیدی، سەرۆک کۆمار ، لە پەیامێکدا کە ئاراستەی گەلی عێراقی کرد بەبۆنەی ساڵیادی عاشورا، جەختی کردەوە لەسەر پێویستی وەرگرتنی وانە مەزنەکان لە ڕاپەڕینی ئیمام حسێن (سەلامی خوای لێبێت) لە کاروانی بنیادنانی دەوڵەت و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و سەروەریی یاسادا, لە پێش هەمووشیانەوە باوەڕبوون بە چاکسازی، پابەندبوون بە دادپەروەری، ڕێزگرتن لە شکۆی مرۆڤ، پێشخستنی بەرژەوەندی گشتی، و چەسپاندنی بەهاکانی هاوڵاتیبوون و پێکەوەژیان و یەکڕیزی نیشتمانی."

سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەش کرد کە ساڵیادی عاشورا تەنها بۆ بیرهێنانەوەی ڕابردوو نییە، بەڵکو هاندەرە بۆ وەرگرتنی بەها بەرزەکانی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگاریەکانی ئێستا و دروستکردنی داهاتوو، بە شێوەیەک کە یەکگرتوویی کۆمەڵگە بەهێز بکات و یەکڕیزی

نیشتمانی بپارێزێت، و کلتووری گفتوگۆ و لێبوردەیی و هاوکاری لەنێوان هەموو ڕۆڵەکانی نیشتماندا بچەسپێنێت."

هەروەها نزار ئامیدی ڕایگەیاند: "موسڵمانان بە هەموو مەزهەب و قوتابخانە و بۆچوونە جیاوازەکانیانەوە، کۆکن لەسەر خۆشەویستی ئالوبەیتی پێغەمبەری ئیسلام (درودی خوای لەسەر بێت) و ڕێزگرتن لێیان و شانازیکردن بە پێگە باڵاکەیان لە مێژوو و ویژدانی ئومەتی ئیسلامیدا.

ئەمەش دەقی تەواوی پەیامەکەیە:

خوای گەورە لە کتێبە پیرۆزەکەیدا دەفەرموێت:

بِسْمِ اللَّهِ الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ

﴿مِنَ الْمُؤْمِنِينَ رِجَالٌ صَدَقُوا مَا عاهَدُوا اللَّهَ عَلَيْهِ فَمِنْهُمْ مَنْ قَضَى نَحْبَهُ وَمِنْهُمْ مَنْ يَنْتَظِرُ وَمَا بَدَّلُوا تَبْدِيلًا﴾

صدق الله العظيم

عێراقییە بەڕێزەکان..

ساڵیادی عاشورا، ساڵیادی سەرکەوتنی خوێن بەسەر شمشێردا دێتەوە؛ بە شکۆ و خشوعەوە یادی شەهیدبوونی ئیمام حسێن (سەلامی خوای لێبێت) و ئالوبەیت و هاوەڵەبدڵسۆزەکانی دەکەینەوە، لە واقیعەی "تەف"ی نه‌مردا کە یەکێک بوو لە دیارترین و گەشاوەترین وێستگەکانی مێژووی ئیسلام، و لەسەر ئاستی سەدەکان وەک هێمایەکی نەمری خۆڕاگری لەسەر پرەنسیپ و قوربانیدان لە پێناو حەق و وەفاداری بۆ ئەو بەهایانەی ئاینی پیرۆزی ئیسلام هێناویەتی، مایەوە.

موسڵمانان، بە هەموو مەزهەب و قوتابخانە جیاوازەکانیانەوە، کۆکن لەسەر خۆشەویستی و ڕێزگرتن لە ئالوبەیتی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) و شانازیکردن بە پێگە باڵاکەیان.

ژیاننامەی ئیمام حسێن (سەلامی خوای لێبێت) وەک بەشێکی ڕەسەنی ئەم میراتە ئیسلامییە کۆکەرەوەیە دەمێنێتەوە، بەو هەموو واتا بەرزانەی لە ئیمان و وەفاداری و ئازایەتی و پابەندبوون بە پرەنسیپەکان لەخۆی گرتووە؛ ئەمانەش ئەو بەهایانەن کە نەوەکان وانەکانی لێ وەردەگرن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەددییەکان و بنیادنانی داهاتوویان لەسەر بنەمای حەق و دادپەروەری و کەرامەت.

ئیمام حسێن (سەلامی خوای لێبێت) نوێنەرایەتی ویژدانی زیندووی ئومەت و دەنگی ئەخلاقی ڕەتکەرەوەی ستەم و لادانی دەکرد، بۆیە ڕاپەڕینە نەمرییەکەی بووە سەرچاوەی ئیلهام بۆ هەموو ئەوانەی بەدوای چاکسازی و دادپەروەری و پاراستنی شکۆی مرۆڤدا دەگەڕێن.

ڕاپەڕینەکەی بۆ داواکردنی دەسەڵات یان بەدەستهێنانی دەسکەوت نەبوو، بەڵکو

هەڵوێستێکی بەرپرسیارانە بوو لە پێناو پاراستنی بەهاکانی حەق و چاکسازی و پاراستنی جەوهەری پەیامی ئیسلامی.

شاعیری گەورەی عێراق محەمەد مەهدی جەواهیری، گوزارشتی لەم ئامادەییە نەمرییەی ئیمام حسێن کردووە کاتێک دەڵێت: (تۆ بەرزتر بوویت لەوەی لە مەرگ بترسیت و پیرۆز بێت مەزارەکەت کە پەناگەیە)

ئەگەر عاشورا غەم و پەژارە بێت بۆ ئەوەی لە کەربەلا ڕوویدا، ئەوا لە هەمان کاتدا داوای وردبوونەوە دەکات لە واتا گەورەکانی؛ واتاکانی ڕاستگۆیی لەگەڵ پرەنسیپەکان، هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی، دڵسۆزی بۆ بەرژەوەندی گشتی، خۆڕاگری لەبەردەم ئاڵنگاریەکان، و کارکردن بۆ کۆمەڵگەیەک کە دادپەروەری و بەزەیی و هاوکاری و ڕێزگرتن لە مرۆڤ تێیدا باڵادەست بێت.

عێراقییە ئازیزەکان..

عێراق بەم یادەوە بەستراوەتەوە، چونکە خاکی پاکی عێراق مەزارگەی ئیمام حسێن و برایەکەی ئەبولفەزل عەباسی (سەلامی خوایان لێبێت)ی لە ئامێز گرتووە، کەربەلاش بووەتە منارەیەکی ڕۆحی و مرۆیی کە ملیۆنان کەس لە هەموو جیهانەوە ڕووی تێدەکەن.

هەروەها عێراقییەکان، بە هەموو پێکهاتە ئاینی و مەزهەبی و نەتەوەییەکانیانەوە، بە ڕۆحی ڕێزگرتن و تەبایی ئەم یادە دەکەنەوە، و جەخت دەکەنەوە کە ئەو بەهایانەی ئیمام حسێن لەپێناویدا ڕاپەڕی، میراتێکی نیشتمانی و ئەخلاقی گشتگیرە بۆ هەموو ڕۆڵەکانی عێراق.

ئێمە ئەمڕۆ، لە کاتێکدا بەردەوامین لە کاروانی دەوڵەتسازی و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و سەروەریی یاسا، زۆرتر لە هەر کاتێک پێویستمان بە وەرگرتنی وانە مەزنەکانی ڕاپەڕینی ئیمام حسێنە، کە لە پێش هەموویانەوە باوەڕبوون بە چاکسازی، دادپەروەری، ڕێزگرتن لە مرۆڤ، و پێشخستنی بەرژەوەندی گشتی و یەکڕیزی نیشتمانییە.

یادی عاشورا تەنها بانگەواز نییە بۆ بیرهێنانەوەی ڕابردوو، بەڵکو هانمان دەدات بۆ سوودوەرگرتن لە بەهاکانی لە ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەددییەکانی ئێستا و دروستکردنی داهاتوو، بە شێوەیەک کە یەکگرتوویی کۆمەڵگەکەمان بەهێز بکات و کلتووری گفتوگۆ و لێبوردەیی لەنێوان هەموواندا بچەسپێنێت.

داوا لە خوای گەورە دەکەین ئەم یادە بکاتە دەرفەتێک بۆ بەهێزکردنی گیانی برایەتی لەنێوان عێراقییەکاندا، و عێراق و گەلەکەی لە هەموو ناخۆشییەک بپارێزێت، و نیعمەتی ئاسایش و سەقامگیری بەردەوام بکات، و هەمووان سەرکەوتوو بکات بۆ کارکردنی پێکەوەیی لە پێناو نیشتمانێکی ئاوەدان و دادپەروەر کە شایستە بە مێژوو و شارستانییەتی دێرینی عێراق بێت.

سڵاو لە ئیمام حسێن و ئالوبەیت و هاوەڵە دڵسۆزەکانی، ئەو ڕۆژەی ڕاستگۆ بوون لەگەڵ پەیمانەکەیان بەرامبەر بە خودا، و ئەو ڕۆژەی باڵاترین واتاکانی قوربانیدانیان لەبپێناو حەق و کەرامەتدا پێشکەش کرد.