وەزارەتی نەوتی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ دەنگی ئەمەریکا ڕەتی کردەوە هەڕەشەی کشانەوەی لە ڕێکخراوی ئۆپێک کردبێت.
سەمیر ریکابی وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئەو ڕاپۆرتانەی باس لە کشانەوەی عێراق لە ئۆپێک دەکەن، ڕەنگدانەوەی هەڵوێستی فەرمی حکومەتی عێراق نین، بەو پێیەی سەرۆکوەزیران و کابینەکەی پرسی کشانەوەی عێراقیان نەوروژاندووە."
ئەم لێدوانەی عێراق دوای ئەوە هات کە ئاژانسی ڕۆیتەرز و میدیاکانی دیکە بڵاویانکردەوە، عێراق بیر لە جیابوونەوە لە ئۆپێک دەکاتەوە ئەگەر ئەو ڕێکخراوە ڕێگە نەدات عێراق بەرهەمی نەوتی خۆی زیاد بکات.
وەزارەتەکە جەختی لەوە کردەوە کە هەر داواکارییەک بۆ زیادکردنی پشکی عێراق لە نەوت "لە چوارچێوەی تەکنیکی ڕێکخراوەکەدا چارەسەر دەکرێت."
وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند، "عێراق گرنگی بە هەڵسەنگاندنی ئاستی بەرهەمهێنان دەدات کە لەگەڵ توانای وڵاتدا بگونجێت و لە ئێستادا ئەم پرۆسەیە بە هاوکاری کۆمپانیایەکی سەربەخۆی ڕاوێژکاری نێودەوڵەتی ئەنجام دەدرێت."
سه بارەت به پرسی گه ڕانەوه بۆ ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت له دوای کرانەوەی گەرووی هورمز، ڕیکابی بە دەنگی ئەمەریکای وت، "جموجۆڵی بارهەڵگرەکانی نەوت هێشتا ناجێگیرە و به شێک له کۆمپانیاکانی نەوت و کۆمپانیاکانی بیمه هێشتا چاوەڕوانن و دەستیان به کارەکانیان نه کردووەتەوە ؛ بۆیە گەڕانەوە بۆ بەرهەمهێنانی نەوت وەک پێشتر بەندە بە باشتربوونی ئەم بارودۆخەی ئێستا."
وەزارەتی نەوتی عێراق ڕۆژی پێنجشەممە بەیاننامەیەکی لەمبارەوە بڵاوکردەوە.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، وڵاتانی ئۆپێک ڕەچاوی دۆخی تایبەتی عێراق و ئەو زیانانە دەکەن کە لە ماوەی 40 ساڵی ڕابردوودا بەهۆی شەڕ و تیرۆرەوە بە ژێرخانی نەوتی وڵاتەکە کەوتووە، بۆ ئەوەی عێراق مافی مافی خۆی وەک دووەم بەرهەمهێنەری گەورە لە ڕێکخراوەکەدا بپارێزێت.
ئەم ڕاپۆرتە لەلایەن سەمیرە عەلی مەندی لە واشنتنەوە ئامادە کراوە.


