عومان ڕۆژی پێنجشەممە 25ی مانگی شەش جەختی لەوە کردەوە کە هیچ پارەیەکی ترانزێتی یان سەرانە لە تەنگەی هورمز وەرناگیرێت.

بەدر ئەلبوسەعیدی وەزیری دەرەوەی عومان لە میانی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی کەنداو لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مارکۆ ڕوبیو وتی "ڕێکخستنەکانی داهاتوو سەبارەت بە تەنگەکە هیچ پارەیەکی ترانزێتی یان سەرانە لەخۆناگرێت."

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی چەندین جار ڕایانگەیاندووە لەگەڵ عومان دانوستان دەکەن بۆ جێبەجێکردنی میکانیزمی چاودێریکردن و وەرگرتنی پارە و سەرانە بۆ تێپەڕین بە تەنگەی هورمزدا.

ڕۆژێک پێش لێدوانەکانی وەزیری دەرەوەی عومان، ئەو ولاتە ڕێگایەکی کاتی بۆ تەنگەی هورمز ڕاگەیاندبوو و داوای لە کەشتییەکان کردبوو لە ئێستادا ئەو ڕێگایە بەکاربهێنن بۆ تێپەڕین بە تەنگەی هورمزدا.

لە بەرامبەردا سوپای پاسداران بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا بانگەشەی ئەوە کرد کە " تێپەڕین بە سەلامەت و پارێزراوی" کەشتیەکان بە تەنگەی هورمزدا تەنیا لە ڕێگەی ئەو ڕێگایەی کە ئێران دیاریی کردووە، دەکرێت و ڕێگایەکی دیکە کە بەبێ هەماهەنگی لەگەڵ ئێران ڕاگەیەندراوە "قبووڵ ناکرێت و بە مەترسی ئەمنی دادەنرێت."